هەوڵەکان بۆ پێشخستنی یاریی هونەرەکانی شەڕ لە کوردستان بەردەوامن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یارییەکانی هونەرەکانی شەڕ
A+ A-
رووداو دیجیتال

فیدراسیۆنی هونەری شەڕی تێکەڵاوی سلێمانی ناسراو بە MMA، هەوڵەکانیان بۆ پێشخستن و دروستکردنی ژمارەیەک پاڵەوانی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەستپێکردووە و پاڵەوانێتییەکی باوەڕپێکراویان لە سلێمانی سازکرد.
 
یاریی هونەری شەڕ  MMA  شەڕی دوو یاریزانە لەنێو قەفەزێکی رەشدا کە رووبەرەکەی 9 مەترە، ساڵی 2009 بۆ یەکەمجار ئەو یارییە لە عێراق ئەنجامدراوە، فیدراسیۆنی تایبەت بەو یارییەش هەیە و لقی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی هەیە. 
 
ساڵانە فیدراسیۆنی سلێمانی MMA بە هەواهەنگی لەگەڵ رێكخراوی CFL پاڵەوانێتیی گەورە بۆ یانە و پاڵەوانانی کورد لە پایتەختی رۆشنبیری ساز دەکەن، پاڵەوانێتییەکە هێندە جوان و بەهێزە هاوشێوەی یارییە جیهانییەکانە. 
 
فەرهەنگ ئیبراهیم، وەرزشڤانێکی بە ئەزموونی یارییە جەنگییەکانە، ئەمساڵ ئەرکی سەرۆکی فیدراسیۆنی سلێمانییە لە یاریی MMA وەرگرت، وەک هەنگاوی یەکەم پاڵەوانێتیی هونەری شەڕ عێراقی لە شاری سلێمانی سازکرد، لەبارەی ئەو چالاکییەوە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "وەرزش هەمیشە زیاتر بووە لە رکابەری لە ناوچەکەماندا هونەری شەڕ  MMA  بووەتە ئامرازێکی بەهێز بۆ پشتگیریکردن و ئیلهامبەخشین بە گەنجان ئاراستە و متمانە و ژینگەیەکی تەندروستیان پێدەبەخشێت بۆ گەشەکردن".
 
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە 4500 یاریزان یاریی هونەری شەڕ ئەنجامدەدەن و رۆژانە ژمارەی وەرزشڤانانی روو لە زیادبوونە.
 
بەرپرسی یارییەکە لە پایتەختی رۆشنبیری روونیکردەوە "وەک سەرۆکی فیدراسیۆنی سلێمانی MMA و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێكخراوی CFL، هەست بە بەرپرسیارێتییەکی قوڵ دەکەم بۆ خزمەتکردنی وەرزشوانانمان و کۆمەڵگاکەمان، ئامانجمان هەرگیز تەنیا رێکخستنی شەڕەکان نەبووە، بەڵکو دروستکردنی دەرفەت بووە بۆ نەوەی داهاتوو، ئەمساڵ لە چوارچێوەی یەکەم چالاکییم وەک بەرپرسی فیدراسیۆن، پاڵەوانێتی کراوەی عێراقمان لە شاری سلێمانی رێکخست. هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ئێمە. لە چالاکییەکەدا لە نێوان 150 بۆ 160 وەرزشوان بەشدارییان کردبوو، مەبەستمان تەنیا میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەک نەبوو، بەڵکو دەرفەتی پێشبڕکێی زیاتر بۆ وەرزشوانەکانمان رەخساندن بوو. تا زیاتر رکابەری بکەن، متمانەیان زیاتر دەبێت و لێهاتووییەکانیان باشتر دەکەن و فێردەبن چۆن لەژێر گوشاردا ئەنجامی بدەن. ئەم ئەزموونە زۆر پێویستە ئەگەر بمانەوێت نوێنەرایەتی هەرێمەکەمان بکەن بەرامبەر وڵاتانی دیکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی".
 
نامۆ فازیڵ، پاڵەوانی جیهانی لە یارییەکانی هونەری شەڕدا نموونەیەکی زیندووی یارییەکەیە و بەردەوام لە شەڕەکانیدا جلی کوردی جەمەدانی و ئاڵای کوردستان بەرزدەکاتەوە، چاوەڕواندەکرێت لە داهاتوو نامۆ بەشداری شەرەکانی UFC بکات کە لووتکەی پاڵەوانێتییەکانی جیهانە. 
 
بەرپرسی هونەری شەڕی تێکەڵاوی سلێمانی لەبارەی دروستبوونی پاڵەوانی کورد جەختیکردەوە " سوپاس بۆ خوا وەرزشڤانانی کورد ئاستبەرزن، بۆ نموونە نامۆ فازیل کە لە  CFL دەستی بە ئه‌زموونی پرۆفیشناڵی كردووه‌، ئێستا گرێبەستی لەگەڵ UFC واژۆ ده‌كات کە گەورەترین رێکخراوی MMA یە لە جیهاندا. بیهێنە بەرچاوت وەک ئەوە وایە یاریزانێکی تۆپی پێی کورد لەلایەن یانەیەکی چامپیۆنزلیگەوە گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکرێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە