رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپیکردنی خولی نوێی سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا، یانەی بارسێلۆنا هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی یەکەم بڕیار دەگرێتە بەر.
شاری بارسێلۆنا رۆژانێکی پڕ لە رووداو بەڕێدەکات دوای سەرکەوتنی خوان لاپۆرتا، کە دووبارە وەک سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا هەڵبژێردرایەوە و بۆ پێنج ساڵی داهاتوو لە سەرکردایەتیکردنی یانەکە بەردەوام دەبێت.
یەکێک لە دیارترین دەستکەوتەکانی سەرۆک لەم ماوەیەدا، بڕیاری دەستنیشانکردنی هانزی فلیک بوو وەک راهێنەری تیپە کەتەلۆنییەکە.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە، کە پێویستی بە کاتێکی ئەوتۆ نەبوو بۆ خۆگونجاندن لە کاتی گەیشتنیدا، توانی تاکتیکی تیپەکە بگۆڕێت و پڕۆژەیەکی رکابەرکەر بونیاد بنێتەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی هەبێت.
لەگەڵ هاتنی ئەو، داینامیکییەتی بارسا بەتەواوی گۆڕا، و تیپێک بونیاد نرا کە توانای بەدەستهێنانی سەرکەوتنی هەیە و توانیویەتی شارەکە و هاندەران ئاشت بکاتەوە، ئەو هاندەرانەی کە مێژوویەکی درێژ بوو بەو شێوەیە چێژیان لە تۆپی پێ وەرنەگرتبوو.
نوێکردنەوەی گرێبەستی فلیک
یەکێک لە ئەرکە هەرە لەپێشینەکانی ئەنجوومەنی کارگێڕیی، کە ساڵی رابردوو پلانی نوێکردنەوەی گرێبەستی گرنگترین یاریزانەکانی یانەکەی جێبەجێ کرد، نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرە ئەڵمانییەکە بوو، وەک ئەوەی رۆژنامەی سپۆرت ئاماژەی پێداوە.
فلیک خۆی لە چەندین بۆنەدا ئارەزووی خۆی دەربڕیوە کە گرێبەستەکەی ساڵانە نوێ بکرێتەوە و پەلەی تێدا نەکرێت.
هەروەها راهێنەرە تەمەن 61 ساڵانەکە بەئاشکرا رایگەیاندووە کە نایەوێت ژیانی راهێنەرایەتی زۆر درێژ بکاتەوە، چونکە دەیەوێت لەپێناو ژیانی خێزانی و بەسەربردنی کات لەگەڵ نەوەکانی، کاری راهێنەرایەتی بەلاوە بنێت.
ئەنجوومەنی کارگێڕی ئێستا بڕیاری دابوو نوێکردنەوەی گرێبەستی راهێنەرەکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دوابخات.
ئێستا دوای پشتڕاستکردنەوەی خولی نوێی سەرۆکایەتی لاپۆرتا و کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، یانەکە دەستی کردووە بە چارەسەرکردنی یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی پڕۆژە وەرزشییەکە. بەپێی رۆژنامەکە، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی و پینی زەهاڤی، بەڕێوەبەری کارەکانی راهێنەرە ئەڵمانییەکە، شەممەی رابردوو لە بارسێلۆنا لە کۆبوونەوەیەکی نافەرمیدا یەکدیان بینیوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی فلیک، کە گرێبەستەکەی لە حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت.
هەردوو پیاوەکە پەیوەندییەکی نزیک و درێژخایەنیان هەیە و دەرفەتەکەیان قۆستووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەندین بابەتی جیاواز پەیوەست بە داهاتووی راهێنەرەکە.
کاریگەریی فلیک
بارسێلۆنا بەتەواوی درک بەو کاریگەرییە دەکات کە فلیک لەسەر تیپەکە دروستی کردووە و توانای ئەو لە دەرخستنی باشترین ئاستی یاریزانەکان، بۆیە هەمیشە رێز لە کاتی ئەو راهێنەرە دەگرن کە سەلماندوویەتی دەتوانێت تیپێکی رکابەرکەر دروست بکات بەپشتبەستن بە یاریزانە لاوەکان و ئەکادیمیای یانەکە، کە ئەمەش لە ناو قەڵای کامپ نودا نرخێکی تایبەتی هەیە.
بۆیە بارسێلۆنا پێشتر نوێنەرانی راهێنەرەکەی لە ئارەزووی خۆی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی ئاگادار کردووەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا فلیک بەتەواوی سەرنجی لەسەر ئەم وەرزەیە؛ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا زۆر ئەرێنین و راهێنەرەکە لە بارسێلۆنا ئاسوودەیە و پەرۆشە بۆ بەردەوامبوون، بەڵام پێیوایە هێشتا زووە بۆ گفتوگۆی فەرمی لەسەر نوێکردنەوە. رۆژنامەی سپۆرت ئاماژەی بەوەش کردووە کە هیچ گومانێک لەسەر داهاتووی فلیک نییە و بابەتەکە تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە؛ ئەو پێیباشە کەمێکی دیکە وەرزەکە بچێتە پێشەوە ئینجا باس لەم بابەتە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ