ڤیدیۆ؛ لێدوانی راهێنەران.. گواردیۆلا بێهیوا نییە و ئەربێلوا دڵنیا نییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
پێپ گواردیۆلا و ئەلڤارۆ ئەربێلوا
پێپ گواردیۆلا و ئەلڤارۆ ئەربێلوا
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا ئەلڤارۆ ئەربێلوا لێدوانی راهێنەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یارییە گەورەکەی چامپیۆنزلیگ لەنێوان مانچێستەر سیتی و ریال مەدرید ئەنجام دەدرێت، کە یانە ئیسپانییەکە لە یاریی چووندا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردووەتەوە و هاندەرانی یانە ئینگلیزییەکە چاوەڕوانن یانەکەیان لەم یارییەدا، کە لەسەر یاریگای خۆیان بەڕێوەدەچێت، ریمۆنتادا بکەن.
 
راهێنەرانی هەردوو یانە بەشدارییان لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا کرد و قسەیان لەبارەی یارییەکەوە کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی:
 
سەبارەت بە عەقڵیەتی تیپەکەمان؟ ئەمە پەیوەندی بەیەکدییەوە هەیە.  چەندە بەباشی یاری بکەیت، هێندە باری دەروونیت  بەهێز دەبێت، ئەگەر باشیش نەبیت باری دەروونیت لاواز دەبێت. ئەمە تەنیا 90 خولەک نییە، زیاترە. من زۆر خەمی ئەو هەلانەم نییە کە دروستیان دەکەین، چونکە دڵنیام دەتوانین هەلی گۆڵ دروست بکەین. لە یاریگای خۆماندا هەمیشە دەتوانین ئەوە بکەین. بابەتەکە زیاتر ئەوەیە کە چەندە بەباشی بەرگری دەکەین. ئەرکەکەمان زۆر گەورەیە؛ تۆمارکردنی زیاتر لە سێ گۆڵ بەرامبەر مەدرید کارێکی ئاسان نییە. ئەنجامی یاریی چوون ئەنجامێکی پێرفێکت  نەبوو، بەڵام لە هەمانکاتدا ئێمە لێرەین. ئەمە یاریی تۆپی پێیە و هەموو شتێک ئەگەری روودانی هەیە، جۆش و خرۆشی ئێمە هەمیشە لە یاریگای ئیتحاددایە. دەبێت لەگەڵ هاندەرانماندا تا دەتوانین جۆش و خرۆشێکی زۆر دروست بکەین و یارییەکی باش بۆ ئەو یاریزانە بەهرەمەندانەی هەمانن پێشکەش بکەین، هەروەها دەبێت بەباشی بەرگری بکەین.
 
سەبارەت بەئەگەری گەڕانەوەی ئێمباپێ؟ دوای پێنج خولەک لە دەستپێکردنی یارییەکە دەبینین کە ئایا کیلیان گەڕاوەتەوە یان نا، بێگومان بۆ ئەوان باشتر دەبێت. دەبینین یاری دەکات یان نا، من نازانم.
 
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
 
پێویستە بەتەواوی بەهەمان شێوەی یاریی چوون مامەڵە لەگەڵ ئەم یارییە بکەین. تەنیا ئامانجمان ئەوەیە بچینە ناو یاریگا و ببەینەوە، بەهەمان ئەو سادەیی و خۆبەکمزانین و کۆششەی لە یاریگای خۆماندا نیشانمان دا، تەنانەت زیاتریش، چونکە یارییەکی زەحمەت دەبێت. سادەیی و پەرۆشی  ئەو دوو شتەن کە دەبێت لەم یارییەدا نیشانی بدەین.
 
زەحمەتە وێنای تیپێک بکەیت کە بتوانێت لە رکابەریدا بمێنێتەوە بەبێ باشترین یاریزانی جیهان. بەڵام ئەمە ئەوەش نیشان دەدات کە یاریزانەکانی دیکەی تیپەکە  ئێستا چەندە بەباشی کارەکانیان ئەنجام دەدەن.
 
بێلینگهام ویستی لەگەڵ تیپەکە گەشت بکات، بەڵام بۆ ئەم یارییە ئامادە نابێت. خۆشحاڵم کە دەبینم لە گەڕانەوە نزیک دەبێتەوە؛ ئەو دەبێتە یەکێک لە سەرکردەکانمان و ئامادەبوونی لێرە گرنگە. ئێمباپێ ئامادەیە. دەیبینن.
 
سەبارەت بە مەشقنەکردنی مانچێستەر سیتی؟ گواردیۆلا ئەم بەیانییە بەئاشکرا روونیکردەوە. ئەمە بۆ ئەوان شتێکی نامۆ نییە. ئەمە 987ـەمین یارییەتی وەک راهێنەر؛ من ئەو کەسە نیم کە ئامۆژگاری ئەو بکەم. ئەوان زۆر بەباشی شارەزای یەکدین و دوای ئەو هەموو ساڵە پێکەوە بوونە، دەتوانن بە چاوی داخراویش یاری بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە