رووداو دیجیتاڵ
بەئامادەنەبوونی لیۆنێل مێسی، یانەی ئینتەرمەیامی تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو لە خولی ئەمریکیدا و سێ خاڵی گرنگی لەدەستدا.
ئینتەرمەیامی لە دێربیی فلۆریدادا بووە میوانی ئۆڕلاندۆ سیتی و 1-4 پێیدۆڕا.
تیپی خاوەن یاریگە لە خولەکی دووەمدا لە رێگەی لویس مۆریێلەوە گۆڵی پیشکەوتنی تۆمارکرد، بەڵام یانەی میوان تەنیا سێ خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی یانیک برایت گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکات و نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
لەنیوەی دووەمدا ئۆڕلاندۆ باڵادەستیی خۆی سەپاند و لە ئەنجامی کۆمەڵێک هێرشەوە لە خولەکی 50 هەمان یاریزان، لویس مۆریێل گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
دوای 8 خولەک مارتین ئۆخیدا گۆڵی سێیەمی ئۆڕلاندۆی تۆمارکرد و ئەرکی ئینتەرمەیامی زەحمەتتر کرد.
گۆڵپارێزی ئۆڕلاندۆ سیتی، پێدرۆ گالیسێ، رزگارکردنێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجامدا و رێگری لە هەوڵێکی گۆڵکردنی لویس سوارێزی دا، کە لە خولەکی 67 لە ناوەڕاستی یاریگاوە هەوڵیدا تۆپەکە بەسەر گۆڵپارێزەکەدا بخاتە نێو تۆڕەوە.
دوو خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی کاتی یاسایی یارییەکە، مارکۆ پاشالیتش گۆڵی چوارەم و بردنەوەی بۆ ئۆڕلاندۆ تۆمارکرد و سێ خاڵی یارییەکەیان لە هاوڕێیانی مێسی بردەوە.
لیۆنێل مێسی، کە بە 18 گۆڵ بەهاوبەشی لەگەڵ سام سوریچی هێرشبەری یانەی ناشڤیڵ ئێس سی لە پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەدایە، بەهۆی پێکانێک لە قاچی راستیدا بەشداری لە یارییەکەدا نەکرد، کە یاریزانە 38 ساڵانەکە لە 2ـی ئەم مانگەدا لە یارییەکی جامی خولەکاندا بەرامبەر یانەی نیکاکسای مەکسیکی تووشی بوو.
مێسی 18 گۆڵەکەی لە ماوەی بەشداریکردنی لە 18 یاری لەکۆی 23 یاریی یانەکەیدا تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ