شکۆی ئەلۆنسۆ شکێنراوە

11-11-2025
نیشانەکردن جابی ئەلۆنسۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رادیۆی کادینا سێری ئیسپانی رایگەیاند، چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید دوای ناکۆکییەکەی لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر، پێگە و دەستەڵاتی خۆی لە ژووری جلگۆڕیندا لەدەستداوە، لەبەرئەوەی کارگێڕیی یانەکە پشتی نەگرتووە و نەیویستووە ڤینیسیۆس تووڕە بکات.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، دوای ئەو ناکۆکییەی لە یاریی کلاسیکۆدا روویدا، کاتێک چابی ئەلۆنسۆ گۆڕانکاری بە ڤینیسیۆس کرد و ئەویش لەبەرچاوی هەمووان خۆی تووڕەکرد، راهێنەری ریال مەدرید دەستەڵاتی جارانی بەسەر تیپەکەیدا نەماوە و چیدی هەندێک یاریزان وەک خاوەن بڕیاری یەکەم لە یانەکەدا سەیری راهێنەرەکەیان ناکەن.
 
بەگوێرەی کادینا سێر،  یانەکە لەو کاتەدا پشتیوانی لە ئەلۆنسۆ نەکرد، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی راهێنەرەکە پێگەی لەناو تیپەکەدا لاواز ببێت، تەنانەت دەڵێت "ئەلۆنسۆ لەو کاتەوە هیبەتی جارانی نەماوە و یاریزانان بەهەمان چاو  سەیری ناکەن کە لە سەرەتای هاتنی بۆ ریال مەدرید سەیریان دەکرد".
 
ئەو سەرچاوەیە زانیاری و نهێنی زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بەڕێوەبەری کارەکانی ڤینیسیۆس هۆشداری داوەتە کارگێڕیی ریال مەدرید و چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر و پێیگوتوون ڤینی یان بەشێوەیەکی سەرەکی یاری دەکات یان گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە".
 
رادیۆی کادینا سێر زیاتر دەڵێت "ئێمە ریال مەدریدی ترساندووە، نەک لەبەرئەوەی کە ڤینی لەدەست دەدەن، بەڵکو لەترسی ئەوەی ئەو یاریزانە یاخی ببێت، گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە و دواتر بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە".
 
هەروەها دەشڵێت "لەو رۆژەوە، چابی ئەلۆنسۆ سازشی کردووە و ڤینیسیۆس بە بەردەوامی یاری دەکات، ئەمەش دەسەڵاتی ئەوی کەمکردووەتەوە و وایکردووە هەندێک یاریزانی دیکەش بە چاوێکی دیکە سەیری راهێنەرەکەیان بکەن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە