ئایا گاتوزۆ کەسی شیاوە بۆ شوێنی شیاو ؟

12-12-2019
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

سەفین تەها - شرۆڤە

لە کۆتاییدا نهێنییە گەورەکەی ئەم وەرزەی خولی ئیتالیا لە ئێوارەی چوارشەممەدا دەرکەوت، دوای ئەوەی جێنارۆ گاتوزۆ وەک جێگرەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی بۆ پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ناپۆلی دەستنیشانکرا، ئەم هەواڵەش بە چەند کاژێرێک دوای سەرکەوتنی یانەی ناپۆلی بۆ قۆناخی 16ـی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا راگەیێنرا، هەرچەندە ئەمە تمووحی ئۆریلیۆ دێلاورێنتسی سەرۆکی یانەکە نییە بۆ رێکخستنەوەی تیپە مەترسیدارەکەی باشووری ئیتالیا.

دەرکردنی ئەنچێلۆتی بڕیارێکی بوێرانە بوو، ئەو بڕیارەبوو کە دەبوو بدرایە، چونکە لە نێوان دەسەڵاتدارێک کە سەرۆکی یانەکەیە و کۆمەڵێک یاریزاندا کە زۆربەیان ئەستێرەن، دەبێت یەک قوربانی هەبێت ئەویش ئەنچێلۆتییە، بە بڕوای من لەم دۆخەی ئێستای ناپۆلیدا هیچ گوناهێک لە ئەستۆی کارلۆدا نەبوو، کەللەرەقی سەرۆک و جینگزیی یاریزانەکان بووە هۆکاری ئەوەی کە قوڕەکە بەسەری کینگ کارلۆدا بکرێت، چونکە ناکرێت 30 یاریزان بەیەکەوە بنێردرێتە ماڵەوە و ناشکرێت سەرۆکی یانەکە کە خاوەنی تیپەکەیە وازبهێنێت.

بەڵام ئایا بڕیاری هێنانی گاتوزۆ پێویست بوو؟ 

گاتوزۆ راهێنەرێکی لێوانلێو لە شکست، کاریزمایەک وەک یاریزان و چیایەک لە رەخنەی زۆر لە کاری تەکتیکیدا، ئەو هەر لە دەستپێکییەوە لەگەڵ یانەی سیۆن و دواریش پالێرمۆ و ئینجا تاقیکردنەوە شکستخواردووەکەی لە یانەی کرێتیی یۆنانی، لەو یانانە لەگەڵ ئەوەی هیچ نازناوێکی نەبوو، رێژەی سەرکەوتنەکانی  نەگەیشتە 40%، هەر بۆیەش لەسەرجەمیان دوورخرایەوە، تاکە دەستکەوتی مێژووی گاتوزۆ سەرخستنی یانەی پیزا بوو لە پلە سێی ئیتالیاوە بۆ پلە دوو لە ساڵی 2016، بەڵام راستەوخۆ دابەزینەوە بۆ پلە سێ.

لە نۆڤەمبەری ساڵی 2017  گاتوزۆ جێگەی ڤیچینزۆ مۆنتێلای لە یانەی ئەی سی میلان گرتەوە، پاش ئەوەی ماوەیەک راهێنەری تیپی پریماڤێرای میلان بوو ( تیپی دووەمی میلان)، سەرۆکی یانەی میلان کە ئەوکات یۆنگۆنگ لی بوو، شەش ئامانجی لەبەردەم گاتوزۆ دانا، راستە لە هەندێکیاندا سەرکەوتووبوو، کە گرنگترینیان گێڕانەوەی هاندەران بوو بۆ یارییەکانی میلان، تێکەڵکردنی گرینتا لەگەڵ پێکهاتەکە و گەیشتە فایناڵی دوو جامیش کە هەردووکیان بە یوڤێ دۆڕا، بەڵام ئەو ئامانجەی کە لە هەمووان گرنگتربوو، گەڕانەوەبوو بۆ خولی یانە پاڵەوانەکان و رینۆ ( گاتوزۆ) نەیتوانی ئەوەبکات.

گاتوزۆ لە میلان نەک نەیتوانی رکابەری یانەکانی یوڤێنتوس و ناپۆلی بکات، بەڵکو شانبەشانی یانەکانی رۆما و لازیۆ تەنانەت ئینتەریش دەرنەچوو، ئەمەش بەهۆی ئەو سادەییە دێت لە تەکتیکی گاتوزۆ کە هەمیشە پشت بە شێوازی 4-3-3 دەبەستێ، هەمیشە گۆڕانکارییەکان لە شوێنی خۆیدا نەبووە و دواکەوتووە، باڵی چەپی پشتگوێ خستووە کە ئەمەیان رەنگە بەهۆی نەبوونی یاریزانی بەتواناوە بێت لەو یانانەی کە راهێنەرایەتی کردوون.

لە ماوەی ئەو شەش مانگەی کە لە یانەی ناپۆلی بۆی دانراوە، گاتوزۆ دەبێت زۆر بە خێرایی بەرەوپێشەوە بچێت، دەبێت کێشەکانی نێو تیپەکەی چارەسەربکات کە لە ماوەی رابردوودا گۆڵمەزێکی خراپیان بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی دروستکرد کە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانەوە سەرۆکی یانەکەیان کەمپێکی مەشق و راهێنانی بۆکردنەوە و ئەوان جێیانهێشت، دواتر سەرجەم یاریزانەکان یانەکە مووچەبڕکران و کار گەیشتە ئەوەی کە لە میدیاکانەوە هێرشبەکەنە سەر سەرۆکی یانەکەیان.

لە رووێکی دیکەوە، گاتوزۆ رەنگە ئەو کەسە شیاوە نەبێت کە بتوانێت یانەیەک لە کێشەیەکی گەورە رزگاربکات، راستە ئەو خاوەنی سیاسەتێکی تایبەت بەخۆیەوەتی و زۆر تووندە، بەڵام پێشنەی کارەکانی رابردووی گەواهیدەری ئەوەن کە رینۆ بۆ یانەیەک کە لێوانلێوبێت لە کێشە و خۆیشی بەشێکی ژیانی پڕییەتی لە کێشە دەستنادات.

پێشتر نموونەی زۆرمان لەبەردەستە کە راهێنەرەکان نەیتوانیوە ناپۆلی بگەیێننەوە لووتکە، نموونەی دۆنادۆنیتان بۆ دەهێنمەوە کە هەمان ستایلی و شێوازی گاتوزۆ پەیڕەو دەکات و لە ناپۆلی شکستیهێنا، هەرچەندە دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگرین کە ئەم تیپەی ئێستای ناپۆلی لەو تیپە بەهێزترە کە دۆنادۆنی پێشڕەویی دەکردن، بیریشمان نەچێت گاتوزۆ بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا راهێنەرایەتی یانەیەک دەکات لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، لە ناوخۆش ئێستا لە جیاتی ئەوەی رکابەری یوڤێنتوس بکات بەتەنیا، دەبێت سەرەتا مل لە ملی ئینتەرمیلان بنێت، واتا دووژمنەکانی رینۆ زۆر زیاترن لە جاران.

گاتوزۆ ئەو کەسە شیاوەیە کە ئەوەی مامۆستاکەی بۆی نەکرا ئەم بیکات ؟ ئەمە هەمووی کات وەڵامی دەداتەوە و بە ئەنجامەکانی سەرەتای دەستبەرکاربوونیشی هەڵمەخەڵەتێن چونکە زۆرن ئەو یاریزانانەی کە راهێنەری نوێ دێت خۆیان دەردەخەن و دەیانەوێ ئەو قەیرانانەی رابردوو هەمووی بەسەر راهێنەری پێشوویاندا بهێنن، بۆیە جارێ بڕیار مەدەن، بەڵکو ئەوە کاتە کە بریاری لەسەر دەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە