رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بردنەوە گرنگەکەیان لە یانەی مانچێستەر سیتی پێشاندا و ستایشی ئاستی بەرزی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی دەکات.
دوای بردنەوەیان لە مانچێستەر سیتی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر، ئەربێلوا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە لەبارەی هاتریکەکەی ڤاڵڤێردییەوە گوتی "زۆر دڵخۆشم بۆ ئەو، هەرچەند بەهۆی پێداگیری و زۆر لێکردنەوە زۆر بێزاری دەکەم، نازانم لە کۆتاییدا هەموو ئەو ئامۆژگارییانەی کە هەمیشە بۆی دووبارە دەکەمەوە رقی لێم دەبێتەوە یان نا، ئەو خوانیتۆی سەدەی 21ـە، یاریزانێکە بەشێوەیەکی نموونەیی گوزارشت لە ریال مەدرید دەکات، هاندەران خۆیان لەودا دەبیننەوە، ئەو شەوەی ئەو ئەزموونی کرد واملێدەکات پڕبم لە شانازی، چونکە زۆر شایەنیەتی."
لەبارەی ئەوەی لە یارییەکە ڤاڵڤێردی لە کام هێڵ یاریی دەکرد؟ ئەربێلوا بە رۆژنامەڤانانی گوت "لە هەموو هێڵێک، دەمانویست ڤاڵڤێردی شەڕانگێزتربێت و بتوانێت مەترسی لە ناوچەی سزای سیتی دروست بکات، ئەو هەوڵێکی بێوێنەیدا، یارمەتیی ئارنۆڵدی دەدا لە بەرگریدا، سێ گۆڵی تۆمارکرد، یارییەکی مێژوویی پێشکێشکرد، دەتوانێت لە هەموو شوێنێک بە نایابی یاری بکات، چ لە ناوەوە بێت یان لە دەرەوە، گرنگترین شت ئەوەیە ئەو چ هەستێک دەگەیێنێت و چ مانایەکی هەیە بۆ هاوڕێکانی."
لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا ئەمە باشترین یاریی ئەو بوو لەو کاتەوەی بووەتە راهێنەری ریال مەدرید؟ ئەلڤارۆ ئەربێلوا دەڵێت "ئەمە ئەو یارییە بوو کە تێیدا زۆرترین پابەندبوونمان بەو پلانە هەبوو کە داماننابوو، ئێمە بە مانای وشە بەشێوەی تیم دەرکەوتین، ئەوەش رێک ئەو شتەیە کە پێویستمانە، ژووری جلگۆڕینمان پڕە لە یاریزانی گەورە، بەڵام پێویستمان بەوەیە ببینە تیپێکی گەورە، ئەمە ئەو شتەیە کە دەمەوێت یاریزانەکانم باوەڕیان پێی هەبێت، ئەوان یاریزانی بە کوالێتی بێوێنەن، بەڵام کاتێک باشتر دەبن کە خاوەنی بیرۆکەی هاوبەش بن و هەمووام بەیەکەوە جێبەجێی بکەن."
راهێنەری ریال مەدرید زیاتر قسەیکرد و لە بارەی ئەوەی ئەمە بردنەوەی راهێنەر بوو؟ بەمشێوەیە وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە "نا، تەنانەت نزیکیش نیم لەوەی هەوڵبدەم خۆم بە گواردیۆلا بەراورد بکەم، بەهۆی ئەو هەموو دەستکەوتانەی بەدەستیهێناون، ئەو یەکێکە لە گەورەترین رکابەرەکانمان، هەر کاتێک سەرکەوتوو بین لەوەی بەسەریدا زاڵ بین، ئەوە گەورەیی و شکۆی ریال مەدرید زیاتر دەکات، ئەوەی لەم تیپەدا دڵخۆشم دەکات بریتییە لە پابەندبوون، کۆشش و ئەوەی کە باوەڕیان بەو پلانە هەبوو کە داماننابوو، هەموو یاریزانەکان لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی پابەندبوون و پەیڕەویان کرد، هەرچییەک کارمان لەسەری کردبوو لە نێو یاریگەدا بینیمان."
ئەلڤارۆ ئەربێلوا دەڵێت "زۆر دڵخۆشم لەپێناو هاندەران، ئەوان شایستەی شەوێکی لەم شێوەیە بوون دوای ئەو وەرزەی پێیدا تێپەڕین، چێژی زۆریان بینی، زۆر دڵخۆشم لەپێناو یاریزانەکانم، چونکە هەموو ئەو شتانەی پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن ئاسان نین، ئێمە قەبارەی ئەو داواکارییانە دەزانین کە لەسەرمانە، بەڵام هەندێکجار هەندێک بارودۆخ یارمەتیدەر نین، ئەوان شایەنی شەوێکی لەمشێوەیە بوون، بەڵام هێشتا 90 خولەکی پڕ لە ناڕەحەتی و رکابەرییەکی گەورەمان لە مانچێستەر لەپێشە، ئەم رکابەرییە هێشتا کۆتایی نەهاتووە."
لە بارەی لێدانە سزاکەی ڤینیسیۆس جونیۆر و لەدەستدانی لە یارییەکەدا ئەربێلوا بە رۆژنامەڤانانی گوت "ڤینی جێبەجێکاری یەکەمە، من زۆر زۆر دڵخۆشم کە بەو شێوەیە لە بێرنابیۆ چەپڵەی بۆ لێدرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ