رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 22ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر یانەی ئەمانەی بەغدا بەدەستهێنا و بە ئەنجامی 2-0 یارییەکەی بردەوە، بەمەش پێگەی خۆی لە ناوەڕاستی ریزبەندی بەهێزتر کرد.
یاریزانانی نەورۆز زۆر بەهێز دەستیان پێکرد و تەنیا 4 خولەک بەسەر دەستپێکی یارییەکە تێپەڕی، حوسام مالیک بە پاسێکی نێتۆ ئاکارا گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد.
خولەکی 18ـی یارییەکە تەکنەلۆژیای ڤار گۆڵێکی دیکەی نەورۆزی رەتکردەوە. گوشارەکانی تیپی میوان بەردەوام بوون تاوەکو لە خولەکی 23 پاول کۆمۆلافین بە ئەسیستێکی حوسام مالیک گۆڵی دووەمی تۆمارکرد. یانەی ئەمانە هەلێکی زێڕینی بۆ رەخسا بۆئەوەی بگەڕێتەوە نێو کەشوهەوای یارییەکە، کاتێک لە خولەکی 32 لێدانی سزای بۆ رەخسا، بەڵام جەبار کەریم لێدانێکی سزاکەی گۆڵنەکرد و گۆڵپارێزی بەتوانای یانەی نەورۆز چۆمان ئەحمەد زۆر بەجوانی گەڕاندییەوە و نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات.
نیوەی دووەمی یارییەکە گۆڕانکاری زۆری بەخۆوە بینی. لە خولەکی 53 جارێکی دیکە ناوبژیوان گەڕایەوە ڤار و گۆڵێکی ئەمانەی رەتکردەوە. دواتر یارییەکە ململانێی جەستەیی و کارتی زەردی زۆری تێکەوت. یاریزانانی نەورۆز 5 کارتی زەرد و یاریزانانی ئەمانەی بەغدا 2 کارتی زەردیان وەرگرت، بەڵام هیچ کارتێکی سوور لە یارییەکەدا بەکارنەهات.
بەهۆی ئەم سەرکەوتنە گرنگە، ئێستا یانەی نەورۆز لە پلەی 11ـی ریزبەندی خولەکە دێت و یانەی ئەمانە دوای ئەم دۆڕانە لە پلەی 17ـی خولەکەدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ