بارسێلۆنا دەیەوێت بەبردنەوەوە بچێتە کلاسیکۆ

21-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی نەورۆز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەستپێدەکەن، یانەی بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانی یاریی دەکات و دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە.
 
لە دەستپێکی یارییەکانی ئەم گەڕەی چامپیۆنزلیگدا، کاژێر 19:45 یانەی بارسێلۆنا لە یاریگەی مونتجۆیک میوانداریی یانەی ئۆڵیمپیاکۆسی یۆنانی دەکات، یانەکە رۆژی دووشەممە دوایین مەشقەکانی لە کۆمەڵگەی وەرزشی خوان گامپەر ئەنجامدا و دەیەوێت بگەرێتەوە سەر رێگەی دروست دوای ئەوەی لە گەڕی دووەمدا بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دۆڕا.
 
بارسێلۆنا لە بردنەوەیەکی زەحمەتی لالیگاوە و دەچێتە نێو رکابەرییەکانی گەڕێکی نوێی چامپیۆنزلیگ و بەبێ بەشێکی زۆری یاریزانەکانی یاریی دەکات، کە بەهۆی پێکانەوە ئامادەنین، بەڵام بردنەوەی ئەم یارییە دووجار بۆ یانەکە گرنگە، هەم بۆ نزیکبوونەوە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ، هەمیش بۆ ئامادەبوونێکی باشتر و بە ورەیەکی بەرزتر بۆ یاریی کلاسیکۆی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر یانەی ریال مەدرید.
 
پێشتر ئۆڵیمپیاکۆس هیچ یارییەکی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا لە یانە ئیسپانییەکان نەبردووەتەوە، لە 21 یارییدا 17 جار دۆڕاوە و دەیەوێت ئەمشەو هەوڵێکی دیکە بدات بۆ کۆتاییهێنان بەو ئامارە خراپانەی بەرامبەر یانەکانی ئیسپانیا هەیەتی.
 
هاوشێوەی یاریی رابردوویان لە لالیگادا، خوان گارسیا، گاڤی، دانی ئۆلمۆ، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، فێران تۆرێس و رافینیا ناتوانن بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەودا بکەن.
 
ئۆڵیمپیاکۆس دوو یاریی لە چامپیۆنزلیگدا کردووە، لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر پافۆسی قوبرسی یەکسانبوو و دوای ئەوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دۆڕا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە