رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بەرامبەر یانەی نەفت میسان بکاتەوە، کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی شورتە یاری دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئەمشەو کاژێر 20:30 لە بەسرە، یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی شورتە و ئەرکی زەحمەتە.
نەورۆز لە دوو گەڕی رابردوودا بردنەوەیەک و دۆڕانێکی هەیە و نایەوێت دووەم یاریی لەسەریەک بدۆڕێنێت، یانە کوردستانییەکە سێ رۆژە لە بەسرە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە یارییەکەدا.
دالیبۆر ساڤیچ، یاریدەدەری راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "بەپەرۆشین بۆ یارییکردن بەرامبەر شورتە، یانەیەکی گەورەی خولەکەیە و چوار ساڵە لەسەریەک دەبێتە پاڵەوان، ئەم یارییە هەلێکە بۆ پێشاندانی تواناکانمان بۆ رکابەریکردن لەم ئاستەدا."
دالیبۆر زیاتر دەڵێت "دوایین یاریی شورتەمان بەرامبەر دهۆک بینی، سەرسام بووم بە ئاستی هێرشبەر و بەرگریی یانەکە، بەراستی رێکخراوەیی بە تیپەکەوە دیارە، دەزانین تیپەکە بەهێزە و بۆ سەرکەوتن داوامان لە یاریزانەکان کردووە بە درێژایی 90 خولەک 100٪ ئامادەبن."
لە کۆتایی قسەکانیدا ساڤیچ دەڵێت "هیوادارین یارییەکی گەورە بکەین، بە ئەنجامێکی ئەرێنییە بگەڕێینەوە، دەزانین شورتە بەهێزە، بەڵام چەند خاڵێکی لاوازیشی هەیە و دەمانەوێت سوودی لێ وەربگرین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ