ڤیدیۆ؛ هاوژینەکەی: ڤان دێر سار لە قۆناخی مەترسی رزگاری بووە

12-07-2023
ئیحسان تاهیر
ڤان دێر سار و هاوژینەکەی
ڤان دێر سار و هاوژینەکەی
نیشانەکردن ڤان دێر سار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هاوژینی گۆڵپارێزی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد و هەڵبژاردەی هۆڵەندا، ئیدوین ڤان دێر سار رایگەیاند، هاوسەرەکەی هێشتا لە ژووری چاودێری چڕدایە، بەڵام دەستیکردووە بە قسەکردن و قۆناخی مەترسییەکانی تێپەڕاندووە.
 
گۆڵپارێزی ئەفسانەیی هۆڵەندا، رۆژی هەینی رابردوو بەپەلە گەیێنرایە نەخۆشخانەیەکی کرواتیا دوای ئەوەی تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو.
 
هاوژینەکەی ڤان دێر سار، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن یانەی ئەیاکسەوە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە ڤان بارودۆخی جێگیر بووە و هەر کاتێک بچێتە ژوورەکەی قسەی لەگەڵ دەکات.
 
ڤان دێر سار، تەمەن 52 ساڵ، لە کرواتیا لە پشوودا بوو، کاتێک تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو.
 
ئەو گۆڵپارێزە هۆڵەندییە، لە ساڵی 2011 دوای ئەوەی 130 یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەنجامدا، وازی لە یاریکردن هێنا، کە دووجاریش نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، جارێک لەگەڵ ئەیاکس و جارێکیش لەگەڵ مانچێستەر یونایتد.
 
ڤان دێر سار، کە چەندین نازناوی پرێمەرلیگی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بەدەستهێناوە و  لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا یاری بۆ یانەی فولهام و یوڤێنتوس کردووە، دواتر رووی لە بواری کارگێڕیی کردووە و بووەتە ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی ئەیاکس، دواتر پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکەی وەرگرتووە لە ساڵی 2016، بەڵام لە کۆتایی وەرزی رابردوودا دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە