ڤان دێر سار گەڕێندرایەوە هۆڵەندا

15-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤان دێر سار
A+ A-
رووداو هەولێر 

یانەی ئەیاکس ئەمستردامی هۆڵەندی، ئەمڕۆ شەممە، بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە، سەبارەت بە پێشهاتەکانی نەخۆشکەوتنی ئیدوین ڤان دێر ساری ئەفسانەی تۆپی پێی هۆڵەندا و بەڕێوەبەری وەرزشیی پێشووی یانەکە و دۆخی تەندروستییەکەی.
 
رۆژی 7ـی تەمموزی رابردوو، یانەی ئایاکس رایگەیاند کە ڤان دێر سار لە کاتی پشووەکەیدا لە کرواتیا تووشی خوێنبەربوونی مێشک بووە، و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە و لە چاودێری چڕدا چارەسەری وەردەگرێت.
 
ئایاکس لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاند "ڤان دێر سار ئێوارەی رۆژی هەینی لە کرواتیا گەڕێنراوەتەوە هۆڵەندا، و ئێستا لە بەشی چاودێری چڕدایە لە نەخۆشخانەیەکی هۆڵەندا. بارودۆخی نەگۆڕاوە و جێگیرە. لە مەترسی دەرچووە و بە ئاسانی دەبینرێت".
 
یانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "خێزانی ڤان دێر سار دەیانەوێت سوپاسێکی گەورەی نەخۆشخانەی زانکۆی سپلیت لە کرواتیا بکەن، بۆ ئەو چاودێرییە باشەی لە هەفتەی رابردوودا لە ڤان دێر ساریان کردووە. 
 
بە بڕیاری پزیشکان، ڤان دێر سار پێویستە رۆژانی داهاتووش لە چاودێری چڕدا بمێنێتەوە و پشکنینی زیاتری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بە تەواوی چاکببێتەوە.
 
ڤان دێر سار، تەمەن 52 ساڵ بە درێژایی مێژوو بە یەکێک لە ئەفسانەکانی تۆپی پێ دادەنرێت، هەروەها نوێنەرایەتی هەڵبژاردەی هۆڵەندا و یانەکانی ئەیاکس ئەمستردام و مانچێستەر یونایتد و یوڤێنتوسی کردووە. دوای وازهێنان لە یاریکردن زۆر پۆستی کارگێڕیی وەرگرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە