مێسی دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا

12-07-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی بارسێلۆنا یاریگەی کامپ نو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کەتەلۆنیا، دەنگۆی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی یانەی بارسێلۆنا، بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی کرانەوەی سپۆتیفای کامپ نو هەیە و رای جیاواز لەسەر راستیی بابەتەکە هەیە.
 
لیۆنێل مێسی دوای مانەوەی بۆ ماوەی 17 ساڵ لە یانەی بارسێلۆنا، بەبێ ئەوەی هیچ رێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ئەنجامبدرێت، لە ساڵی 2021 یانەکەی بەگریانەوە بەجێهێشت و روویکردە یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لەو کاتەوە، هیچ بەرکەوتنێک لەنێوان ئەو و یانە کەتەلۆنییەکە رووینەداوە، تەنانەت لە ئاهەنگە جیاوازەکانیشدا، هیچ کاتێک مێسی و لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بەیەکەوە نەبینراون، ئەمەش وایکردووە میدیاکانی ئیسپانیا و جیهان پێیان وابێت کە کێشە و ناخۆشی هەیە لەنێوان یاریزانەکە و بەڕێوەبەرانی ئێستای یانەکە.
 
سەرەڕای ئەوانە، رادیۆی کەتەلۆنیا رایگەیاند، یانەی بارسێلۆنا، کاتێکی تایبەتیان بۆ یاریی ماڵئاوایی لە مێسی ئامادەکردووە و راستەوخۆ دوای کردنەوەی یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو دەبێت، بەپێی ئەو سەرچاوەیە، خێزان و نزیکانی مێسی ئاگادارن و گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەوە هەڵکردووە و مێسی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو یارییە لە بەردەم 105 هەزار هاندەر ئەنجامبدات.
 
بەپێی رادیۆی کەتەلۆنیا، ئەو یارییە لە ساڵی 2026 ئەنجامدەدرێت، دوای کرانەوەی تەواوی یاریگەکە، کە پێشبینیکراوە لە مانگی 6ی ساڵی داهاتوودا بکرێتەوە.
 
سەبارەت بە ئاهەنگی کرانەوەی بەشێکی یاریگەی سپۆتیفای کامپ نو، کە وا پلانە لە جامی خوان گامپار لە رۆژی 10/8/2025 ئەنجامبدرێت و یانەی بارسێلۆنا رووبەڕووی یانەی کومۆی ئیتاڵی ببێتەوە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە لیۆنێل مێسی لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە بێت.
 
سەرچاوەیەکی کەتەلۆنی رایگەیاندووە، خێزانی مێسی ئەو دەنگۆیە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، هیچ بانگهێشتنامەیەک لە بارسێلۆناوە نەگەیشتووەتە مێسی بۆ ئامادەبوون لە ئاهەنگی کرانەوەی کامپ نو.
 
سەرچاوەکە ئەوەی خستەڕوو، یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت ئەو ئەستێرەیە لەو ئاهەنگە ئامادەبێت و لە رۆژانی داهاتوودا هەوڵەکانی چڕتر دەکاتەوە بۆ بەدیهێنانی ئەو هیوایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە