هەموو شتێک ئاشکرابوو.. مێسی بارسێلۆنای نەویست

03-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی بارسێلۆنا ئینتەرمەیامی گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لەلێدوانێکی نوێدا لەبارەی لەدەستچوونی لیۆنێل مێسی و شکستهێنانی لە گەڕاندنەوەی یاریزانەکە دەڵێت "مێسی دوای تێپەڕبوونی بە بارودۆخێکی سەختدا دەیویست لە ژێر گوشارێکی کەمتردا یاریی بکات."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا لەوە تێدەگات کە مێسی دەیویست بچێتە بارسێلۆنا، لەکاتێکدا یانەکەی هیچ هەنگاوێکی یارمەتیدەری نەنا بۆ ئەوەی ناوی یاریزانەکە تۆماربکرێت؟ خوان لاپۆرتا گوتی "من تێدەگەم، هەردوو شتەکە جیاوازن، ئێمە لەگەڵ لالیگا رێککەوتنێکمان هەبوو بۆ دابینکردنی بەشێکی سەرچاوەکانمان بۆ ئەوەی ناوی مێسی تۆماربکەین، لە پلانەکەشماندا هەبوو و بە باوکیشمان راگەیاند، بەڵام خۆرخی مێسی ئێمەی ئاگادارکردەوە و پێیگوتین کە مێسی دوای ئەوەی لە پاریس بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕی دەیەوێت لەژێر گوشارێکی کەمتردا یاریی بکات، یارییکردن بۆ بارسێلۆنا لەژێر گوشاردا بەردەوام دەبوو، من لە بڕیارەکەی ئەو تێدەگەم."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا لەبارەی ئەوەی ئایا قەرزاری مێسین؟ گوتی "ئێمە لەو پارەیە قەرزاری ئەوین کە لە کارگێڕیی پێشوو رێککەوتنی لەگەڵ کراوە، ئەوەی کە ماوە تاوەکو ساڵی 2025 بەشێوەیەکی بەردەوام پێی دەدەین."
 
خوان لاپۆرتا زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "دەبێت ئامادەکاری بکەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یادی 125 ساڵەی دامەزراندنی یانەکەدا بەجوانترین شێوە ماڵئاوایی لە یاریزانەکە بکەین، بەتایبەت کاتێک کامپ نو تەواو دەبێت و دەگەڕێینەوە."
 
لیۆنێل مێسی دوای دوو وەرز یارییکردن بۆ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ هەردوو رۆژنامەی سپۆرت و موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی رۆیشتنی بۆ یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی راگەیاند، بەڵام هێشتا یاریزانەکە پەیوەندیی بەو یانەیەوە نەکردووە و گرێبەستەکەی بەفەرمی واژۆ نەکراوە.
 
چوونی مێسی بۆ مەیامی لەکاتێکدایە کە ماوەیەکی زۆربوو باس لە گەڕانەوەی بۆ یانەی بارسێلۆنا دەکرا، بەڵام ئەوە رووینەدا و یاریزانەکە کاروانی یارییکردنی بردە ئەمریکا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە