رووداو دێجیتاڵ
هەژار سابیر، راهێنەری یانەی ئاکرێ وازی لە راهێنەرایەتیکردنی ئەو یانەیە هێنا و لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "یانەی ئاکرێ بۆ من کۆتایی هات و سوپاسی یەکە بە یەکەی هاندەران دەکەم کە ماوەی ئەم دوو ساڵە لەگەڵمان بوونە".
هەژار دوو وەرزە لەگەڵ یانەی ئاکرێیە، وەرزی 2023-2024 لە نیوەی وەرزدا ئەرکی راهێنەرایەتیکردنی یانەی ئاکرێی وەرگرت و نازناوی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا، وەرزی رابردووش سەرەتا وەک سەرپەرشتیاریی یانەکە دەستبەکاربوو، و دواتر هاتە شوێنی راهێنەر وەلید محەممەد و بۆ جاریی دووەم ئەرکی راهێنەرایەتیکردنی یانەکەی گرتە ئەستۆ.
هەژار سابیر، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو سپۆرتس رایگەیاند "کاروانی من لەگەڵ یانەی ئاکرێ کۆتایی هات، ماوەی دوو ساڵی زەحمەتم لەگەڵ یانەکە بەڕێکرد، هەردوو وەرزەکە یانەکەم لە نێوەڕاستی وەرز وەرگرت، بەڵام هیوادارم لە ئاست ئەم بەرپرسیارەتییەدا بووبم و دڵی هاندەرانمان لەخۆمان زویر نەکردبێت".
ئەم راهێنەرە لەسەر داهاتووی خۆی بۆ رووداو سپۆرتس رایگەیاند "جارێ هیچ شتێک دیار نییە، بەڕاستی نازانم کاروانی داهاتووم کوێیە، بەڵام لە کاری راهێنەرایەتی بەردەوام دەبم و لە یانەیەکی دیکە خزمەت دەکەم".
بڕیارە یانەی ئاکرێ هەڵبژاردن بکات و گۆڕانکاریی گەورە لە یانەکە ئەنجام بدرێت، چەندین یاریزانی نوێ بهێندرێتە یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ