رووداو دیجیتاڵ
دێرێک لانسفۆرد، بووە پاڵەوانی میستەر ئۆڵۆمپیای 2025 و گەورەترین نازناوی پاڵەوانێتی لەشجوانیی جیهانی بەدەستهێنا.
میستەر ئۆڵۆمپیا، پاڵەوانێتییەکە ساڵانە لە لاس ڤێگاسی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و باشترینەکانی جیهان لە لەشجوانیدا، بەشداریی تێدا دەکەن.
لانسفۆرد، بە نمایشێکی سەرنجڕاکێش و لەشولارێکی رێکەوە، توانی رکابەرییەکە لە هادی چۆپان، رکابەرە ئێرانییەکەی بباتەوە و نازناوەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات، دێرێک پێشتر دوو جاری دیکە ئەم نازناوەی بەدەستهێناوە.
بۆ بەشداریکردن لە میستەر ئۆڵمپیا کە گەورەترین پاڵەوانێتیی لەشجوانییە لە جیهاندا، پێویستە بەشداربوو، سەرەتا کارتێکی پیشەگەریی (Pro Card) بەدەست بهێنیت بە بردنەوەی پاڵەوانێتییەکی ئاماتۆری (Amateur) گەورە. دواتر، یان دەبێت یەکێک لە پاڵەوانێتی پاڵاوتنەکانی پیشەگەران بباتەوە، یان خاڵی پێویست لە پاڵەوانێتییە پیشەگەرەکاندا کۆبکاتەوە. لە کۆتاییدا، بۆ بوون بە پاڵەوان، بەشداربوو، دەبێت خاوەنی لەشولارێکی نایاب بێت لە رووی قەبارە، جوانی، رێکپۆشی، و هاوسەنگیی نێوان بەشەکانی لەش و بە باشی بتوانیت لەسەر ستەیج نمایش بکات.
دێرێک لانسفۆرد، بەبەدەستهێنانی نازناوی میستەر ئۆڵۆمپیای 2025، خەڵاتی 600 هەزار دۆلاری ئەمریکی وەرگرت، کە هەمان بڕی خەڵاتی ساڵی رابردوو بوو.
هەروەها هەریەک لە یاریزانان هادی چۆپان لە ئێران و ئەندرو جاکید لە ئەمەریکا پلەکانی دووەم و سێیەمیان بەدەستهێنا.
پاڵەوانێتیی میستەر ئۆڵۆمپیا، لە ساڵی 1965ـەوە دەستیپێکردووە و بە بەناوبانگترین نازناوی لەشجوانی لە جیهاندا دادەنرێت، کە ساڵانە باشترین یاریزانان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ