بۆچی کاسیمیرۆ چوار یاری رادەگیرێت؟

13-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کاسیمیرۆ، مانچێستەر یونایتد ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆس کاسیمیرۆ، ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بۆ دووەمجار لە وەرزی ئەمساڵدا، بە کارتی سووری راستەوخۆ کرایە دەرەوە، بەوەش ئەو یاریزانە بە راگرتن بۆ چوار یاری سزا دەدرێت، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی کارتێکی سوور، راگرتنی یاریزانێکی بۆ چوار یاری لێدەکەوێتەوە.
 
کاسیمیرۆ هاوینی رابردوو لە ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە کرد و ئەمە دووەمجارە لە وەرزی ئەمساڵدا بە کارتی سووری راستەوخۆ دەکرێتە دەرەوە، پاشئەوەی لە خولەکی 34ی یاری نێوان مان یونایتد و ساوسامتۆن، دوێنێ یەکشەممە، بەهۆی پێکدادانی تووندی لەگەڵ چارلی ئەلکارازی یاریزانی ساوسامتۆن، بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
 
ئانتۆنی تایلۆری ناوبژیوانی یارییەکە، بۆ دڵنیابوونەوە لە رووداوەکە، پەنای بردە بەر سیستمی ڤار و دوای تەماشاکردنەوەی گرتەی فاوڵەکەی کاسیمیرۆ، راستەوخۆ کارتی سووری پێدا.
 
کارتە سوورەکەی دوێنێ، بووە دووەم کارتی سووری راستەوخۆ کە ئەمساڵ کاسیمیرۆ وەریدەگرێت، لە کاتێکدا تەنیا 19 یاری لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە پرێمەرلیگ و 37 یاری لە کۆی وەرزی یانەکەدا ئەنجامداوە.
 
ژمارەکان دەڵێن، کاسیمیرۆ، بەدرێژایی ساڵانی یاریکردنی لەگەڵ ریال مەدرید دووچاری ئەو دۆخە نەبووە کە دوو کارتی سوور وەربگرێت.
 
هەرچەندە شێوازی یاریکردنی کاسیمیرۆ بەناوبانگە بە هەوڵدانی سەرەڕۆیانە و بەرکەوتنی تووند، بەڵام بەدرێژایی ماوەی یاریکردنی لەگەڵ ریال مەدرید کە 336 یاری بەدرێسی ئەو یانەیەوە ئەنجامداوە، دوو کارتی سووری راستەوخۆی وەرنەگرتووە.
 
کاسیمیرۆ لە ماوەی یاریکردن بۆ ریال مەدرید، تەنیا دووجار بەهۆی وەرگرتنی دوو کارتی زەردەوە لە یارییەکدا، دەرکراوە، یەکەمیان ساڵی 2019 لە یاریی یانەکە بەرامبەر ڤایادۆلید و جاری دووەمیان ساڵی 2021 لە یاری یانەکە بەرامبەر بارسێلۆنا.
 
میدیاکان دەڵێن، کاسیمیرۆ (31 ساڵ) لەگەڵ ریال مەدرید فێرنەبووە لە یارییەکانی لەگەڵ ریال مەدرید بە کارتی سووری راستەوخۆ دەربکرێت، بەڵام ئەو دۆخە لە پرێمەرلیگ بەتەواوی گۆڕاوە.
 
کاسیمیرۆ لە مانگی شوباتی رابردوودا و لە یاری مانچێستەر یونایتد بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس، کاتێک بەتووندی ملی ویل هیوزی یاریزانی ئەو یانەیەی گرت، بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، پاشئەوەی ئاندرێ مارینەر گەڕایەوە بۆ ڤار و دواتر بڕیاریدا بە کارتی سوور ئەو یاریزانە دەربکات.
 
بەهۆی کارتی دووەمی سووری راستەوخۆوە، کاسیمیرۆ بۆ چوار یاری رادەگیرێت، چونکە ئەوە دووەمجارە لە وەرزێکدا دوو کارتی سووری راستەوخۆ وەربگرێت... بەوەش کاسیمیرۆ لە یارییەکانی داهاتووی یانەکەی بەرامبەر یانەی فولهام لە جامی یەکێتیی ئینگلتەرا لە رۆژی 19ی ئەم مانگە بەشداریی ناکات.
 
راگرتنەکەی کاسیمیرۆ لە یارییەکانی یانەکەی بەرامبەر یانەکانی نیوکاسڵ، برێنتفۆرد و ئێڤرتۆن لە پرێمەرلیگ درێژ دەبێتەوە و رۆژی 15ی نیسانی داهاتوو لە یاری یانەکەیدا بەرامبەر نۆتێنگهام فۆرێست لە گەڕی 31ی خولەکەدا دەگەڕێتەوە.
 
لە یارییەکەی ساوسامتۆندا، مانچێستەر یونایتد ناچاربوو بەهۆی دەرکردنی کاسیمیرۆوە لە خولەکی 56ەوە بە دە یاریزانەوە یاریی بکات و خۆی لە شکست بەرامبەر ئەو یانەیە پاراست.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە