رووداو دیجیتاڵ
ئامەدسپۆر ئەمڕۆ دووشەممە میوانداریی یانەی عومرانیەسپۆر دەکات و دەیەوێ وەکو پاڵەوانی خولی یانە پلەیەکەکان بچێتە خولی سوپەرلیگی تورکیا.
رۆژی دووشەممە 13-4-2026، ئامەدسپۆر لە یارییەکی چارەنووسسازدا میوانداریی عومرانیەسپۆر دەکات، بەڵام داهاتووی ئامەدسپۆر تەنیا بەو یارییەوە گرێنەدراوە، بەڵکو بەستراوەتەوە بەو خاڵانەی کە تیپە رکابەرەکان بەدەستی دەهێنن و تەنیا سێ یاری ماوە.
ئامەدسپۆر ئەمجارە لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی عومرانیەسپۆر دەبێتەوە. یارییەکە کاژێر هەشتی ئێوارە دەستپێدەکات. کارگێڕیی ئامەدسپۆر زووتر رایگەیاند، لەو چوار یارییەدا یاریگە پڕ لە هاندەر دەکات و پشتیوانییەکی گەورە بۆ یاریزانانی کۆدەکاتەوە.
چاوەڕێ دەکرێ یاریزانانی ئامەدسپۆر لەبەردەم 33 هەزار هاندەر بە ئامانجی یەکەم بوون و گەیشتن بە سوپەرلیگ یاریی بکەن.
هەمان رۆژ ئەرزەڕۆمی پێشەنگیش یاریی هەیە
دووشەممە، کاژێر 5ی ئێوارە، یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر لە یاریگەی خۆی میوانداریی بۆڵوسپۆر دەکات. ئەرزەڕۆم سپۆر 75 خاڵی هەیە و پلەی یەکەمی خولەکەی گرتووە. بۆڵسپۆر کە 42 خاڵی هەیە و مەترسیی دابەزین بۆ خولی یانە پلە دووەکانی لەسەرە، زۆر پێویستی بە خاڵە.
ئەنجامی ئێستای ئامەدسپۆر
ئامەدسپۆر لە 34 یاریی خولی یانە پلەیەکەکانی ئەمساڵی تورکیادا 71 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی دووەمە. یانەی ئەرزەڕۆم بە کۆکردنەوەی 75 خاڵ پێشەنگی خولەکەی گرتووە. یانەی ئەرۆک سپۆر بە کۆکردنەوەی 67 خاڵ لە پلەی سێیەمە.
بەگوێرەی رێسای یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، یەکەم و دووەمی خولەکە راستەوخۆ سەردەکەون بۆ خولی نایاب (سوپەرلیگ). هەروەها یانەکانی سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم و حەوتەم بە شێوەی پاشکۆ (پلەی ئۆف) یاری دەکەن و یەکێکیان سەردەکەوێت.
ئامەدسپۆر و هێرشبەرەکەی لە تۆمارکردنی مێژوو نزیکن
یانەی ئامەدسپۆر، چوار یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا ماوە. ئەگەر سی لەو یارییانە بباتەوە، گەیشتنی راستەوخۆی بە خولی نایاب (سوپەرلیگ) مسۆگەر دەکات و ئەمە دەبێتە مێژوو، چونکە ئامەدسپۆر یەکەمینجارە لە مێژوویدا دەچێتە ناو رکابەرییەکانی سوپەرلیگ.
لە لیستی گۆڵکاراندا ئامەدسپۆر بە جیاوازییەکی زۆر لەپێشەوەیە و یەکەم و سێیەم گۆڵگار یاریزانی ئەو یانەیەن.
مبایێ جاگنێ، یاریزانی ئامەدسپۆر بە تۆماکردنی 27 گۆڵ لە وەرزی ئەمساڵدا پلەی یەکەمی گۆڵکارانی گرتووە. هەروەها ئەرەن تۆزڵو، یاریزانی یانەی ئەرزەڕۆم سپۆر بە تۆمارکردنی 20 گۆڵ لە پلەی دووەمە. فلۆرێنت هاسانی، یاریزانی ئامەدسپۆر بە تۆمارکردنی 18 گۆڵ لە پلەی سێیەمە.
ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر، ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد کرد.
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
وەرزی 2024-2025 خۆی گەیاندە خولی یانە پلە دووەکان
وەرزی 2025-2026 بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان
ئەمساڵیش زۆر نزیکە لە گەیشتن بە خولی نایاب (سوپەرلیگ) کە لەوێ رکابەری لەگەڵ یانەکانی گاڵاتاساڕای، فەنەرباخچە، بێشکتاش و یانە گەورەکانی دیکە دەکات و چانسی چوونە خولی یانەکانی ئەورووپا و چامپیۆنس لیگی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ