رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر یارییەکی دیکە لە رکابەرییەکانی خولی پلە یەکی تورکیادا ئەنجامدەدات و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە سوپەرلیگ.
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی 35ـی خولی پلە یەکی تورکیا، کاژێر 20:00 یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی عومرانییەسپۆر یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە، بۆ ئەوەی زیاتر لە گەیشتن بە سوپەرلیگ نزیک ببێتەوە.
ئامەدسپۆر بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت، لە 13 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە لە گەڕی رابردوودا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە ئێرۆک سپۆر یەکسانبوو، کە ئەوانیش لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەن و رکابەری سەرەکی ئامەدسپۆرن بۆ گەیشتن بە سوپەرلیگ.
عومرانییە لە گەڕی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر ساکاریاسپۆر بەدەستهێناوە، ئەوان لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یاریی دەکەن، بەڵام چاویان لەوەیە بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێنەوە ئیستەنبوڵ.
لە دوایین 5 یاریی خولەکەدا، یانەی ئامەدسپۆر تاکە یانەیە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندبێت، چوار بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە.
کەسک و سوور دەیەوێت ئەمڕۆ بە سوود وەرگرتن لە هاندەرانی بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان و سێ خاڵی دیکە بباتەوە.
عومرانییەسپۆر لە پێنج یاریی رابردوودا، دوو بردنەوە، دوو دۆڕان و یەکسانبوونێکی هەیە.
بەر لەم یارییە یانەی ئامەدسپۆر لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیایە، یانەکە خاوەنی 71 خاڵە، بە جیاوازیی 4 خاڵ لە پێش یانەی ئێرۆک سپۆری رکابەرەکەیەتی.
عومرانییەسپۆر لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و 42 خاڵی هەیە.
لە یاریی یەکەمی نێوان هەردوو یانەدا کە ئەم وەرزە لە یاریگەی عومرانییە لە ئیستەنبوڵ ئەنجامدرا، یانەی ئامەدسپۆر بە 4 گۆڵ بەرامبەر 3 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو و دەیەوێت ئەمڕۆ بردنەوەکەی بەرامبەر ئەو یانەیە دووبارەبکاتەوە.
ئەم چوار یارییەی لە خولەکەدا ماون، بۆ ئامەدسپۆر گرنگن، بەوپێیەی 4 خاڵ لە پلەی سێیەمەوە دوورە و دوو یانە بەشێوەی راستەوخۆ دەگەنە سوپەرلیگی وەرزی داهاتوو و خاوەنی پلەی سێیەم دەچێتە پلەی ئۆف.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ