رووداو دیجیتاڵ
میدیایەکی نزیک لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرایکرد کە ئەستێرەیەکی یانەی شاهانە زۆر تووڕەیە و بڕیاری داوە یاری بۆ ئەو یانەیە نەکاتەوە، تەنانەت ئامادەنییە بەشداری لە مۆندیالی یانەکانیشدا بکات.
رادیۆی مارکا هۆکاری بەشدارینەکردنی رۆدریگۆی هێرشبەری بەرازیلی لە یاریی ئیلکلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا ئاشکراکرد و رایگەیاند کە بەشدارینەکردنی یاریزانە بەرازیلییەکە لەو یارییەدا هیچ پەیوەندی بە پێکان یان نەخۆشییەوە نەبووە وەک ئەوەی پێشتر میدیاکان و ریال مەدرید رایانگەیاندبوو، بەڵکو پەیوەندی بەوە هەبووە کە رۆدریگۆ زۆر تووڕەیە لە یانەکە و یاخیبوونی راگەیاندووە.
دوای یاریی کلاسیکۆ کە بارسێلۆنا 4-3 سەرکەوتنی بەسەر ریال مەدریددا بەدەستهێنا و خۆی نزیککردەوە لە یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا، کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری مێرینگێ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا گوتی "رۆدریگۆ 100٪ ئامادە نەبوو بۆ یاریکردن بۆیە بەشداری لە یارییەکەدا نەکرد".
بەگوێرەی هەوڵێکی رادیۆی مارکا، رۆدریگۆ نایەوێت جارێکی دیکە یاری بۆ ریال مەدرید بکاتەوە، لەبەرئەوەی تووڕەیە لە یانەکە و پێیوایە پشتگوێخراوە و وەک یاریزانانی دیکە رێزی لێناگیرێت.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت "رۆدریگۆ پێیوایە ئەو بەراورد بەیاریزانانی هێڵی پێشەوە، هەریەک لە کیلیان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و جود بێلینگهام وەک یاریزانی ژمارە دوو سەیر دەکرێت".
لە یاریی کلاسیکۆدا هەرزوو میدیاکانی ئیسپانیا رایانگەیاند کە رۆدریگۆ بەهۆی دابەزینی ئاستی، وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری لە یاریی کلاسیکۆدا ناکات و لە شوێنی ئەو ئاردا گولەری یاریزانی گەنجی تورکی بەسەرەکی دەستپێدەکات و هەرواش دەرچوو.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر دەڵێت "رۆدریگۆ هێندە تووڕەیە تەنانەت ئامادەنییە بەشداری لە مۆندیالی یانەکانیشدا بکات، ئەو نایەوێت جارێکی دیکە یاری بۆ ریال مەدرید بکاتەوە و دەیەوێت بەزووترین کات لەو یانەیە بڕوات".
رادیۆی مارکا هەروەها دەڵێت "زەحمەتە چابی ئەلۆنسۆ، کە لە یەکی مانگی داهاتوو وەک راهێنەری نوێی ریال مەدرید شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی دەگرێتەوە، بتوانێت رۆدریگۆ لە بڕیاری رۆیشتن لە ریال مەدرید پاشگەز بکاتەوە".
تاوەکو ئێستا نە ریال مەدرید و نە رۆدریگۆ هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەو بارەیەوە نەداوە، بەڵام پێدەچێت زانیارییەکان وردبن و رۆدریگۆ بڕیاری دابێت ئەزموونێکی دیکە لە خولێکی دیکەی گەورەی ئەورووپا تاقیبکاتەوە، بەتایبەتی کە بەگوێرەی مدییاکانی بەریتانیا هەردوو یانەی لیڤەرپوولی پاڵەوانی ئەم وەرزی پرێمەرلیگ و مانچێستەر سیتیی پاڵەوانی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ خوازیاری گرێبەستکردنن لەگەڵ ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە و ئامادەن پارەیەکی زۆر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ