رۆدریگۆ دەیەوێت لە ریال مەدرید بڕوات و باوکی ناهێڵێت

17-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆدریگۆ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باوکی رۆدریگۆی یاریزانی بەرازیلی، گفتوگۆکانی رۆیشتنی کوڕەکەی لە ریال مەدرید رادەگرێت، سەرەڕای ئەوەی ئەو یاریزانە پێیباشە لە ریال مەدرید بڕوات.
 
ئێرێک جۆیس، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی رۆدریگۆی ئەستێرەی ریال مەدرید، سوورە لەسەر مانەوەی کوڕەکەی لەگەڵ مێرینگی لە وەرزی داهاتوودا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی زە ئاتلێتیکی بەریتانی، رۆدریگۆ وەرزی رابردووی بە ناڕازیبوون لە دۆخی خۆی کۆتاییپێهێناوە و ئێستا خواستی رۆیشتنی هەیە لە مەدرید، چونکە دڵنیا نییە لەوەی وەک یاریزانێکی سەرەکی لەلایەن چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری نوێی ریال مەدریدەوە پشتی پێدەبەسترێت یان نا.
 
رۆدریگۆ سەرنجی چەندین یانەی پرێمەرلیگی راکێشاوە، لە سەرووشیانەوە یانەکانی مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، باوکی و بەڕێوەبەری کارەکانی، ئێرێک گۆیس، نایەوێت کوڕەکەی ئێستا بچێتە نێو هیچ گفتوگۆیەکەوە.
 
سەرچاوەکانی نێو ریال مەدرید جەخت لەوە دەکەنەوە، رۆدریگۆ لەدوای گەڕانەوەی بۆ راهێنانەکان هەڵوێستێکی ئەرێنی نیشانداوە و چاڤی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکە، گرنگییەکی تایبەتی پێدەدات و لە هەمانکاتدا داواکاریی گەورەشی لێیەتی.
 
هەمان سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، شێوازی یاریپێکردنی رۆدریگۆ لە مۆندیالی یانەکاندا، لەوانەیە یەکلاکەرەوە بێت بۆ دیاریکردنی داهاتووی لە گواستنەوەکاندا.
 
هەرچۆنێک بێت هێشتا داهاتووی رۆدریگۆ دیار نییە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە کە خۆی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە لە ریال مەدرید بڕوات و لە یانەیەکی دیکە ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە، بەڵام باوکی بۆچوونێکی دیکەی هەیە و هێشتا بڕوای بەوە هەیە کە رۆدریگۆ دەتوانێت یاریزانێکی گرنگی ریال مەدرید بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە