رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە یانەی ریال مەدرید دەرگای بەڕووی ئەو یانانەدا کردووەتەوە کە ئارەزووی کڕینی گرێبەستی رۆدریگۆ گۆسی هێرشبەرە بەرازیلییەکەی دەکەن، لەماوەی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا و بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ نافرۆشێت.
پێدەچێت رۆدریگۆ شوێنێکی مسۆگەری لە پێکهاتەی یانەکەدا نەمابێت، بەتایبەت کە لە رکابەریدا هەریەکە لە ئاردا گولەر و براهیم دیاز لە باڵی راستدا پێشی کەوتوون و بەر لەو پشتیان پێدەبەسترێت.
رۆدریگۆ ئێستا خۆی لە دۆخێکی سەختدا دەبینێتەوە، چونکە لەگەڵ هاتنی چاوەڕوانکراوی بەهرەمەندە ئەرجەنتینییەکە، فرانكۆ ماستانتۆنۆ، هەلی یاریکردنی لە پێکهاتەی سەرەکیدا ئاڵۆزتر دەبێت.
بەپێی میدیاکانی ئیسپانیا "نرخی سەرەتایی ریال مەدرید بۆ دەستبەرداربوون لە رۆدریگۆ زیاتر دەبێت لە 100 ملیۆن یۆرۆ و گفتوگۆکان لە نێوان یاریزانەکە و یانەکەدا دەستیان پێکردووە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک".
هەروەها گوتیشی "بڕیاری رۆدریگۆ ئاسان نابێت، چونکە زۆر یانەکەی خۆشدەوێت و هەست دەکات هێشتا دەتوانێت زیاتر پێشکێش بکات، بەڵام لەهەمانکاتدا دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە ئەستێرەی یەکەمی یانەیەکی دیکە".
رۆدریگۆ سەرنجی یانەکانی پرێمیەرلیگی ئینگلیزی بۆ خۆی راکێشاوە، لەکاتێکدا ئارسیناڵ هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات و مانچێستەر سیتیش گرنگیپێدانی خۆی نیشان داوە. هەروەها تۆڕی ESPN رایگەیاندووە کە لیڤەرپوولیش هاتووەتە نێو کێبڕکێی بەدەستهێنانی ئەستێرە بەرازیلییەکەوە. لەلایەکی دیکەشەوە یانەی هیلالی سعودی گرنگییەکی زۆر بە یاریزانەکە دەدات.
ماوەی گرێبەستەکەی رۆدریگۆ لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2028 کۆتایی دێت. یاریزانەکە وەرزی رابردوو لەگەڵ ریال مەدرید بەشداریی لە 54 یارییدا کرد، توانی 14 گۆڵ تۆماربکات و 11 گۆڵیش دروست بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ