مانچێستەر یونایتد ئەستێرەیەکی سوپەر دەکاتە دیاری بۆ رۆناڵدۆ

13-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، پلانێکی توکمەی داناوە بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا ئەستێرەیەکی سوپەر لە هێڵی هێرشبردندا بکاتە هاوڕێی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی.
 
سەرچاەکانی نزیک لە مانچێستەر یونایتد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مانچێستەر یونایتد تەنیا بە هێنانی دۆن رۆناڵدۆ بۆ هێڵی هێرشبردنی ناوەستێت و بەنیازە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەکی دیکەی سوپەر بکات.
 
ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە رێککەوتنێک کراوە لەنێوان جۆن مۆرتۆگی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە و ئۆلێ سۆلشایەری راهێنەر، لەسەر دابینکردنی بڕە پارەی پێویست بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری نەرویجی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی.
 
لە سەرەتای مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا، مانچێستەر یونایتد لەو بڕوایەدا نەبوو کە گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ بکات، هەرچەندە لەبارەیەوە پرسیان بە یوڤێنتوس کرد، بەڵام یانە ئیتاڵییەکە پێیڕاگەیاندن کە کریس دەمێنێتەوە، بۆیە گرێبەستیان لەگەڵ جادۆن سانچۆ و رافایێل ڤاران کرد، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک دەرکەوت کە رۆناڵدۆ دەیەوێت لە یوڤێنتوس بڕوات، بەرپرسانی یانەی شیتانە سوورەکان، لەسەر راسپاردەی ئەلێکس فێرگسۆن بڕیاریاندا کریستیانۆی تەمەن 36 ساڵ  بگەڕێننەوە ئۆڵدترافۆرد، کە ئەو رازیببوو بچێتە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تاوەکو ئێستا 5 گۆڵی بۆ مان یو تۆمارکردووە و بە گرێبەستێکی سەرکەوتوو هەژماردەکرێت، بەڵام دەکرێت باشتریش بێت، ئەگەر هالاند لە هێڵی هێرشبردندا یارمەتی بدات، کە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، مۆرتۆگ و سۆلشایەر هاوڕان و ئامادەن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەی لاوی نەرویجی، کە لە هاوینی داهاتوودا مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دەبێتە 75 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئێرلینگ هالاند، ئێستا یەکێکە لە باشترین هێرشبەرانی جیهان، کە دوای ئەوەی لە مانگی یەکی 2020 لە یانەی رێدبۆل سالزبۆرگەوە پەیوەندی بە ریزەکانی بۆرووسیا دۆرتموندەوە کرد، ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە پێشکەش دەکات، کە لە 15 یاریی یەکەمیدا لەگەڵ ئەو یانەیە 13 گۆڵی کرد، ئینجا رێژەی گۆڵکردنی گەیشتە 27 گۆڵ و 6 ئاسیست لە 28 یارییدا. 
 
لەم وەرزەشدا ئەو گۆڵکارە لاوە نەرویجییە تاوەکو ئێستا لە 5 یارییدا 7 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە و خاوەنی 3 ئاسیستیشە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە