ئارسیناڵ ئەرکی ئاسانە و چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئارسیناڵ
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵ دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و قەرەبووی دۆڕانی گەڕی رابردووی پرێمەرلیگ بکاتەوە، کاتێک لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر خاوەنی پلەی کۆتایی ریزبەندی خولەکە یاری دەکات.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی شازدەی خولەکەدا، یانەی ئارسیناڵ لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی ولڤەرهامپتۆن یاری دەکات و یانە لەندەنییەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا یانەی ئاستۆن ڤیلا سەرکێشییەکانی یانەکەی راگرت و تیپەکەی ئارتێتای رووبەڕووی دووەم دۆڕان کردەوە لەم وەرزەدا.
 
گانەرز بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت لە دوایین یارییدا لە چامپیۆنزلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە کلەب برووج بردەوە و وەکو یەکەم یانە گەیشتە قۆناخی شازدە، تیپەکە دەیەوێت سوود لە ورەیە بەرزییەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ بەهێزتربکات.
 
لە دوایین مەشقە بە کۆمەڵەکانی یانەکەدا، یۆرین تیمبەر و دیکلان رایس نەبینراون و ئەگەری هەیە بەشداری لە یارییەکەدا نەکەن، بەڵام راهێنەری تیپەکە بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو دوو یاریزانەوە نەداوەتەوە.
 
ولڤەرهامپتۆن لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، یانەکە لە 15 یارییدا 13 جار دۆڕاوە، هیچ بردنەوەیەکی نییە، لە 2 یارییدا یەکسانبووە و تەنیا دوو خاڵی هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە