رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا چووەتە مەدرید و یاریی مان و نەمان دەکات، هاندەرانی یانەکە چاویان لە ریمۆنتادایە بۆ ئەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا بمێنێتەوە.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات و دەیەوێت ئەوەی لە یاریگەی خۆی پێی نەکرا، لە یاریگەی تیپە رکابەرەکەی ئەنجامیبدات.
بارسا لە یاریی چووندا دوور لە هەموو چاوەڕوانییەکان بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاوە، بۆیە ئەمڕۆ تیپەکە جگە لە بردنەوە و ریمۆنتادا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
بلاوگرانا بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە مەدرید، دوای ئەوەی پێش تیپی یەکەمی مەدرید کەوت لە لالیگادا و جیاوازییەکەی گەیاندە 9 خاڵ، بە سوود وەرگرتن لەو ورە بەرزییە دەیەوێت دەست بەو هیوا کەمەوە بگرێت کە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو هەیەتی.
لە ریزەکانی بارسێلۆنا بۆ ئەم یارییە، رافینیا بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات، پاو کوبارسی کارتی سووری وەرگرتووە و ناتوانێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
ئاتلێتیکۆ مەدرید دوای بردنەوەی یاریی چوون لە بارسێلۆنا، لە لالیگادا بە سێڤییا دۆڕا، بەڵام لەو یارییەدا پشووی دایە زۆربەی یاریزانەکانی لەپێناو ئامادەبوونێکی باشتر لە یارییەکەی ئەمشەودا.
رۆخی بلانکۆس بە سەرکردایەتیی دیێگۆ سیمیۆنی بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت سوود لە ئەنجامی یاریی چوون وەربگرێت بۆ ئەوەی شەوێکی دیکەی چامپیۆنزلیگ بە ناوی خۆیەوە بکات و بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی، بەڵام دەزانن ئەرکیان ئاسان نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی جامی شای ئیسپانیادا بەرامبەر بارسا تووشی بوون، سەرەڕای ئەوەی ئەوان سەرکەوتن.
مارکۆ پوپیل بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانییەوە یاریی ناکات، داڤید هانکۆ و خۆسێ ماریا خیمینێز پێکانیان هەیە و ناتوانن هاوکاریی پلانەکانی دیێگۆ بکەن.
بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید 5 جار لە چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، ئاتلێتیکۆ خاوەنی 3 بردنەوەیە، بارسێلۆنا یەک بردنەوەی هەیە و یارییەکیش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
ئەو بردنەوەیەی بارسێلۆنا تۆماریکردووە، لە یاریگەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە لە وەرزی 2015-2016.
بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ، بارسێلۆنا پێویستە بە جیاوازیی 3 گۆڵ یارییەکە بباتەوە، جگە لەوە تیپەکە ماڵئاوایی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەکات و کاروانەکەی کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ