رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەریتریا ئاشکرایانکردووە، حەوت یاریزان و بەرپرسی هەڵبژاردەی وڵاتەکە، تاوەکو ئێستا لە ئیسواتینی ماونەتەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەریی دەکەن، پاشئەوەی یارییەکیان لەو وڵاتە ئەنجامدا.
بەرپرسەکان ئاشکرایانکردووە کە پێیانوایە لە کۆی 24 یاریزانی هەڵبژاردەکە، ژمارەیەکیان لەو وڵاتە ماونەتەوە، پاشئەوەی لە 31ی مانگی رابردوو، بەشدارییان لە یارییەکی پاڵاوتنەکانی جامی ئەفریقیای داهاتوو، لە ئیسواتینی کرد.
هەڵبژاردەی ئەریتریا لە ئیسواتینیی بردووەتەوە و لە دوای یارییەکە، ژمارەیەک یاریزان دیارنەماون و داوای مافی پەنابەرییان کردووە.
پێشتر، هیشام یەکنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەریتریا ئاشکرایکردبوو، حەوت یاریزانی هەڵبژاردەکە دیارنەماون، پاشئەوەی لە لە پاڵاوتنەکانی جامی ئەفریقای 2027 لەو هەڵبژاردەیەیان بردووەتەوە.
بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا رایانگەیاندووە، لە کۆی دە یاریزانی خولی نێوخۆی ئەریتریا، تەنیا سیانیان گەڕاونەتەوە وڵاتەکە، لە کاتێکدا ئەوان هەموویان لە رێگەی میسرەوە، باشووری ئەفریقا بەجێبهێڵن و بگەنەوە ئەریتریا.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان لە دەوڵەتە بچووکەکەی نێو باشووری ئەفریقاوە ئاشکرایانکردووە، حەوت یاریزانی هەڵبژاردەکە تاوەکو ئێستا لە ئیسواتینین.
نۆسیبۆ منگۆنی، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی پۆلیس گوتوویەتی، ئاگاداری مانەوەی چوار یاریزان و سێ بەرپرسی هەڵبژاردەی ئەریتریاین.
ئەو هەروەها روونیکردووەتەوە، کە کەسە ئەریترییەکان، دوای یارییەکە روویان لە پۆلیسی ناوچەکە کردووە و ئەوەش هەنگاوی یەکەمیان بووە بەئاراستەی داواکردنی مافی پەنابەریی لە وڵاتەکە.
بەرپرسێکی نووسینگەی کۆمیسیۆنی کاروباری پەنابەران گوتوویەتی داواکاریی نووسراوی لەلایەن حەوت کەسی ئەریتیرییەوە بەدەستگەیشتووە.
بەرپرسێکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسواتینی گوتوویەتی، حەوت یاریزانەکە لە دامەزراوەیەکی وەرزشیی لوبامبا دەژین کە 15 کیلۆمەتر لە مبابانی پایتەختی وڵاتەوە دوورە.
ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتوویەتی هەندێک لەوان ئاشکرایانکردووە، بەهیچ شێوەیەک بیر لە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان ناکەنەوە، لەبەرئەوەی نایانەوێت بچنە سەربازیی زۆرەملێ.
پێشتر ئەریتریا گەشتکردنی یاریزانانی وڵاتەکەی بۆ دەرەوە قەدەخەکردبوو، پاشئەوەی ژمارەیەک یاریزانی هەڵبژاردەی خوار 20 ساڵان لە ساڵی 2019 داوای مافی پەنابەرییان لە ئۆگەندا کرد، پاش یارییەکی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی لاوان لە بۆتسوانا.
لە دوای بەشداریکردنی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2008 هەڵبژاردەی ئەریتریا بەشداریی هیچ پاڵەوانێتییەکی دیکەی دەرەوەی وڵاتەکەی نەکردووە و پێدەچێت، ئەوەش بەهۆی ترسی حکومەتی وڵاتەکە بێت، لە ویستی داواکردنی مافی پەنابەریی لەلایەن خەڵکی وڵاتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ