رووداو - هەولێر
یانەی یوڤێنتوس بەفەرمی بووە پاڵەوانی وەرزی 2017-2018ـی سێریا ئەی، دوای ئەوەی لە یاریی لوتکەی گەڕی پێشکۆتایی خولەکەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لەگەڵ یانەی رۆما یەکسانبوو.
لەگەڕی 37ـی خولی ئیتالیا، یوڤێ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی رۆما بووەوە، دوای ئەوەی هەردوو یانە زۆر هەوڵیاندا گۆڵ تۆماربکەن، هێرشبەرەکانی هەردوولا سەرکەوتوو نەبوون لە گۆڵ تۆمارکردن و یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و خانمە پیرەکە نازناوی ئەم وەرزەی خولەکەی دوای رکابەرییەکی زۆر لەگەڵ ناپۆلی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردەوە.
دوای بردنەوەی نازناوی کالچیۆ، بیانکۆنێری چەند ریکۆرد و ئامارێکی نوێی لە مێژووی خولەکەدا تۆمارکرد.
* یوڤێنتوس بوو یەکەم یانەیە حەوت وەرز لەسەریەک نازناوی خولی ئیتالیا بباتەوە
* یوڤێنتوس دووەم یانەیە لە مێژووی پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپادا حەوت جار لەسەریەک ببێتە پاڵەوانی خولی وڵاتەکەی، دوای لیۆن کە وەرزی 2001-02 تاوەکو 2007-08 نازناوی فەرەنسا لەسەریەک بردەوە.
* یوڤێ بە بردنەوەی ئەم نازناوە ژمارەی نازناوەکانی لە سێریا ئەی بۆ 34 نازناو بەرزکردەوە و ژمارەی پێوانەییە.
* یوڤێنتوس لەم وەرزەدا لە 22 یارییدا بەرگریی لە گۆڵەکەی کرد، ژمارەی میلان لە وەرزی 1993-94 و خۆی لە 2013-14، 2015-16 یەکسانکردەوە.
* جیانلویجی بوفۆن یەکەم یاریزانە لە مێژوودا 9 جار نازناوی سێریا ئەی بردبێتەوە، پێش جیوڤانی فێراری کەوت کە 5 نازناوی لەگەڵ یوڤێنتوس، 2 لەگەڵ ئینتەر و نازناوێکی لەگەڵ بۆلۆنیا بردووەتەوە.
* ماسیمیلیانۆ ئالێگری یەکەم راهێنەرە بۆ چوارەم وەرز لەسەریەک هەردوو نازناوی خول و جامی ئیتالیا بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ