یوڤێنتوس و رۆما رکابەری لەسەر پلەکانی پێشەوە دەکەن

20-12-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یوڤێنتوس رۆما سێری ئا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی 16ـی خولی ئیتاڵیا دەستپێدەکەن و یاریی لووتکەی خولەکە لەنێوان هەردوو یانەی یوڤێنتوس و رۆما دەبێت، کاتێک لە تۆرینۆ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی ئەم گەڕەی خولەکەدا، دوو یاریی بەڕێوەدەچن، لە یاریی لووتکەدا یوڤێنتوس لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی رۆما دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەیەکی دیکە و کەمکردنەوەی جیاوازییەکەی لەگەڵ رۆما.
 
بەر لەم یارییە یوڤێنتوس لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە و چوار خاڵ لە رۆماوە دوورە، یانەکە دوایین دوو یاریی بردووەتەوە و لە دوایین 11 یارییدا تەنیا یەک دۆڕانی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا هەیە، تیپەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
 
رۆما بەهەمان شێوە دوایین دوو یاریی بردووەتەوە و هیچ گۆڵێکیشی لێنەکراوە، دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردنی ئینتەر، ناپۆلی و میلان لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
 
لوچیانۆ سپالێتی و کلاودیۆ رانیێری دوو راهێنەری نێوداری تۆپی پێی ئیتاڵیان و ئەمشەو رکابەریی یەکدی دەکەن بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی تیپەکانیان بکەن بۆ مانەوە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی ئیتاڵیدا.
 
ئەم یارییە کاژێر 22:45 لە یاریگەی ئالیانز لە تۆرینۆ بەڕێوەدەچێت، بەر لە یارییەکەش لازیۆ و کرێمۆنێسی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێورەسمی مۆندیال

لە ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیالدا کۆمەڵێک ئەستێرە جیهانی گۆرانی دەڵێن

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا' پلانی داناوە بۆ هەر سێ وڵاتی میوانداری مۆندیالی 2026 کە رێوڕەسمێکی تایبەتی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە ئەنجام بدەن، هاوکات ئاهەنگێکی تایبەت بۆ یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمریکا لە چوارچێوەی یارییەکاندا رێکدەخات.