یوڤێنتوس و دۆرتموند یاریی لووتکەی چامپیۆنزلیگ دەکەن

16-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یوڤێنتوس دۆرتموند چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکی دیکەی ئەمشەوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەنێوان هەردوو یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی و بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی دەبێت.
 
یارییەکە کاژێر 22:00 لە یاریگەی ئالیانز لە تۆرینۆ بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە یەکەم دەرکەوتنیان لە وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یەکدی دەبێت، یانەی یوڤێنتوس رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا و پێکهاتەی ئیگۆر تودۆر بۆ رکابەرییەکە ئامادەیە.
 
یوڤێنتوس 29 ساڵە لە بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دوورە و لە دوای وەرزی 2016-2017ـەوە یانەکە نەیتوانیووە لە قۆناخی هەشت زیاتر بڕوات، بەڵام وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە لەلایەن ئیگۆر تودۆری یاریزانی پێشووی یانەکەیان، هیوای داوەتە هاندەرانی خانمە پیرەکە بۆ ئەوەی ئەم وەرزە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش بکات.
 
یوڤێنتوس لەسەر ئاستی ئیتاڵیا هەر سێ یاریی یەکەمی بردووەتەوە و لەگەڵ ناپۆلی رکابەری لەسەر پێشەنگی سێری ئا دەکات و دەیەوێت لە یەکەم دەرکەوتنیشیدا لە چامپیۆنزلیگدا بەبردنەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە.
 
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بەر لە چوونی بۆ ئیتاڵیا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی لە ئەڵمانیا ئەنجامدا و بۆ یەکەم یاریی لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا ئامادەیە.
 
فێستیڤاڵن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەچێتە نێو رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و دەبێتە میوانی یانەی یوڤێنتوس.
 
دۆرتموند لە بوندێسلیگا لە دوای سێ گەڕ هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت پارێزگاری لەو سەرەتایە باشەی بکات، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات.
 
سێرهۆ گێراسی، مەترسیدارترین یاریزانی یانەکەیە و گۆڵکاری وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگە، لەم وەرزەشدا دەیەوێت هاوکاریی یانەکەی بکات بۆ ئەوەی ئەنجامی باشی هەبێت.
 
دۆرتموند و یوڤێنتوس یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 1997 دووبارەدەکەنەوە، کاتێک دۆرتموند 3-1 یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوان.
 
هەردوو یانە 9 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، یوڤێنتوس خاوەنی 6 بردنەوەیە، دوو یارییان لە بەرژەوەندی دۆرتموند کۆتاییهاتووە و جارێکیش یەکسانبوون، لە دوای وەرزی 2014-2015 یەکەمجارە هەردوولا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە