رووداو دیجیتاڵ
یانەی یوڤێنتوس یەکەم یاریی ئەنجامدەدات، دوای ئەوەی ئیگۆر تودۆر، راهێنەری یانەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی بردنەوەکان.
لە رکابەرییەکانی گەڕی نۆیەمی سێری ئادا، کاژێر 20:30 یانەی یوڤێنتوس لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی یانەی ئودینێزی دەکات، بەر لەم یارییە دوای دۆڕانی لەسەریەک بەرامبەر ریال مەدرید و لازیۆ، یانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی ئیگۆر تودۆری راهێنەری یانەکەیدا و بەشێوەیەکی کاتی ماسیۆ برامبێلا، راهێنەرایەتیی یانەکە دەکات، تاوەکو راهێنەرێکی نوێ بۆ تیپەکە دەستنیشاندەکرێت، کە بە ئەگەری زۆرەوە لوچیانۆ سپالێتی دەبێتە راهێنەری داهاتووی یوڤێ.
خانمە پیرەکە 46 رۆژە هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لەو ماوەیەدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا هەشت یاریی کردووە و لە پێنج یارییدا یەکسانبووە و دوایین سێ یارییشی دۆڕاندووە.
ئێستا یوڤێ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵیایە، بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ و ئودینێزیش هەمان ژمارەی خاڵی هەیە و بە جیاوازیی گۆڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
یانەی رۆما دەیەوێت سوود لە یەکسانبوونی یانەی میلان وەربگرێت بۆ ئەوەی بەبردنەوە لە یانەی پارما ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی ناپۆلی یەکسانبکاتەوە و رکابەری لەسەر پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە بکات.
یانەی ئینتەرمیلان لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی فیۆرێنتینا یاری دەکات و بەبردنەوەی یارییەکە ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ میلان یەکساندەکاتەوە، کە ئێستا بەشێوەیەکی کاتی ئەیسی میلان لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە. ئەم دوو یارییە لە کاژێر 22:45 لە یەک کاتدا بەڕێوەدەچن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ