رووداو دیجیتاڵ
دوای 22 ساڵ دوورکەوتنەوە جارێکی دیکە یانەی ئەیسی میلان چاوی لە بردنەوەی نازناوی جامی ئیتاڵیایە کاتێک لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر یانەی بۆلۆنیا یاری دەکات.
یاریی نێوان هەردوو یانە ئەمشەو لە یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە رۆما بەڕێوەدەچێت، یانەی ئەیسی میلان دەیەوێت دووەم نازناوی لەژێر سەرپەرشتی سێرجیۆ کۆنسێساو بباتەوە، دوای ئەوەی لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەبردنەوە لە ئینتەر نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیایان بەدەستهێنا.
لە ساڵی 2003ـەوە یانەی ئەیسی میلان هیچ نازناوێکی جامی ئیتاڵیای نەبردووەتەوە و لەو ماوەیەدا دوو جار چووەتە یاریی کۆتایی، یانەکە خاوەنی پێنج نازناوە و دەیەوێت ئەمشەو کۆتایی بە چاوەڕوانیی چەندین ساڵەی هاندەرانی بهێنێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە پاڵەوان.
یانەی بۆلۆنیا دووجار نازناوەکەی بردووەتەوە، جارێک لە 1970 و جارێکیشیان لە 1974، لەو کاتەوە یانەکە نەیتوانی نازناوەکە بەدەستبهێنێت و دەیەوێت سوود لەم هەلە مێژووییە وەربگرێت بۆ ئەوەی سێیەم نازناوی جامی ئیتاڵیا بەدەستبهێنێت.
براوەی یاریی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانەی میلان و بۆلۆنیا جگە لە نازناوی پاڵەوانێتییەکە 4.6 ملیۆن یۆرۆش وەکو خەڵاتی دارایی وەردەگرێت و کۆی گشتی خەڵاتە داراییەکانی دەگاتە 8.5 ملیۆن یۆرۆ.
ئەیسی میلان لەم وەرزەدا دوو یاریی بەرامبەر بۆلۆنیا ئەنجامداوە، لە یاریگەی ئەواندا دۆڕاوە و لە یاریگەی خۆیدا بردنەوەی تۆمارکردووە، دوایین رووبەڕووبوونەوەیان 5 رۆژ لەمەوبەر بووە و میلان 3-1 یارییەکەی بردەوە، ئەمشەو هەردوولا دەیانەوێت سوود لە هەلێکی مێژوویی وەربگرن، بۆ ئەوەی ببەنەوە پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا.
رۆسۆنێری خاوەنی پێنج نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە و چاوی لە بەدەستهێنانی نازناوی شەشەمە، بۆلۆنیاش دوای 51 ساڵ دەیەوێت سێیەم نازناوی جامی ئیتاڵیا بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ