رووداو دیجیتاڵ
ڤیوچیک چێزنی، گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، ئاشکرایکردووە بڕیاری مانەوە یان رۆیشتنی لە یانەکەی بەدەست خۆی نییە و بەدەست هاوژینەکەیەتی.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی داهاتووییەوە، دوای یارییەکی کلاسیکۆ، چێزنی دووپاتیکردووەتەوە کە ئەو دەستەوارەیەکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ ماوەی دوو ساڵ پێگەیشتووە، دانیبەوەداناوە کە ئەو بڕیارە بەدەست هاوژینەکەیەتی.
چێزنی لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێ، "نهێنییەک نادرکێنم، ئەگەر بڵێم دەستەوارەی بەردەوامبوون لەگەڵ بارسێلۆنام بۆ دوو ساڵی دیکە بەدەستگەیشتووە، یانەکە دەستەوارەی پێشکێشکردووە، بەڵام من داوای هەندێک کاتم کرد، چونکە پێویستە لەگەڵ خێزانەکەم بڕیار بدەم و باشترین هەڵبژێرم".
چێزنی روونیکردووەتەوە، "ئەو بڕیارە بەهاوبەشی لەگەڵ هاوژینەکەی دەدات و دەڵێ تاوەکو ئێستا قسەمان لەبارەیەوە نەکردووە. لە راستیدا زۆرینەی بڕیارەکان ژنەکەم دەیدات و شەرم لەوە ناکەم کە دانیپێدابنێم".
گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە هەروەها دەڵێ، "پێشتر وەک یاریزانێکی پیشەگەر خۆم بڕیارمدەدا، بەڵام ئەم دۆخەی ئێستا جیاوازە، لەبەرئەوەی ئێمە پێکەوە بڕیارماندا بۆ ماوەی ساڵێک یاریی بکەمەوە و پاشان بگەڕێمەوە بۆ گۆڵف کردن".
چێزنی لەژێر گوشاردایە، چونکە بارسێلۆنا لەئێستاوە پلان بۆ دوو ساڵی داهاتووی خۆی دادەنێت و دەبێ چارەنووسی یاریزانەکانی یەکلابکاتەوە.
ئەو زیاتر دەڵێ، "لە راستیدا تاوەکو ئێستا نازانم چی روودەدات، ئێمە لەم مانگەدا بڕیاری خۆمان یەکلادەکەینەوە، لەبەرئەوەی دەبێ هەندێک کاری لۆجیستی وەک قوتابخانەی منداڵەکان و گواستنەوەکە تەواو بکەین، تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ هەنگاوێکمان نەناوە".
چێزنی دۆخی خۆی بەسەیر ناودەبات، دەڵێ ماوەیەک لەمەوپێش بەیەکجاری وازم لە یارییکردن هێنابوو، ئێستا لە باشترین تیپی جیهانم، ئەم تیپەی بارسا، باشترینی جیهانە.
ئەو زیاتر گوتویەتی، ئەو کارەی گەنجەکانی یانەکە دەیکەن شایستەی پاداشتە، جێگەی داخە نەمانتوانی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە.
چێزنی لە وەرزی ئەمساڵدا، 29 یاریی لەگەڵ بارسێلۆنا ئەنجامداوە و 36 گۆڵی لێکراوە و 13 کلین شیتی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ