ڤیدیۆ؛ چێڵسی بووە پاڵەوانی جیهان و ترەمپ ئاهەنگیان لەگەڵ دەگێڕێت

14-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
چێڵسی
چێڵسی
نیشانەکردن چێڵسی دۆناڵد ترەمپ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای مانگێک لە رکابەری، گەرمای بە تین و هەڵبەز و دابەزی زۆر، ئاڵنگاریی گەورە، مۆندیالی یانەکان گەیشتە کۆتایی و دۆناڵد ترەمپ و مێلینیای هاوژینی ئامادەن.
 
بەر لە بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی بڕگە و ئاهەنگی هونەری بەڕێوەچوو و رۆبی ویلیامزی بەریتانی و لۆرا پاوسینی گورانیان بۆ مۆندیالی یانەکان چڕی و یاریگەی مێتلایفیان پڕ کرد لە سەما.
 
یارییەکە دەستیپێکرد، دۆناڵد ترەمپ و جیانی ئینفانتنیۆ بەیەکەوە سەیری یارییەکە دەکەن.
 
دوای 22 خولەک یارییکردن، کۆڵ پاڵمەر گۆڵی پێشکەوتنی بۆ چێڵسی تۆمارکرد و مژدەی بردنەوەیەکی مێژوویی گەیاندە لەندەن.
 
دوای 7 خولەک، هەمان یاریزان، بەهەمان شێواز بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی پاریس سانجێرمانی هەژاند.
 
پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، پاڵمەر، ئەمجارە تۆپێکی نایابی دایە جواو پێدرۆ و ئەویش بە جوانترین شێوە تەواوی کرد و گۆڵی سێیەمی بۆ لەندەنییەکان تۆمارکرد.
 
نیوەی دووەمی یارییەکە، جگە لە کارتێکی سوور بۆ جواو نێڤێس، هیچ گۆڕانکارییەکی بەخۆیەوە نەبینی و چێڵسی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بووە پاڵەوان.
 
دۆناڵد ترەمپ بە بۆینباخە سوورەکەیەوە هاتە نێو یاریگە و سڵاوی لە هاندەران کرد، چووە سەر ستەیج خەڵاتی بەخشییە هەردوو تیپ، تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵ ئێنزۆ مارێسکا کرد و ملوانەکەی لە مل کرد.
 
دوای ئەوەش جامی زێڕینی مۆندیالی یانەکانی دایە دەستی ریس جەیمس، هەرچەند ئینفانتینۆ پێی دەڵێت بچێتە دواوە بۆ ئەوەی یاریزانەکان ئاهەنگ بگێڕن، بەڵام ترەمپ پرۆتۆکۆل دەشکێنێت و لەگەڵ یاریزانانی چێڵسی ئاهەنگ بۆ سەرکەوتنی یانەکە دەگێڕێت.
 
دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی یانەکان، باشترینەکانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکران و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە خەڵاتکران.
 
رۆبێرتۆ سانچێز، گۆڵپارێزی ئیسپانی و یانەی چێڵسی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی بەدەستهێنا.
 
کۆڵ پاڵمەر، ئەستێرەی یانەی چێڵسی و باشترین یاریزانی یاریی کۆتایی وەکو باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە دەستنیشانکرا.
 
دێزری دۆویێ بووە باشترین یاریزانی لاوی پاڵەوانێتییەکە و گۆنزالۆ گارسیا، یاریزانی لاوی یانەی ریال مەدرید وەکو گۆڵکاری دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی چوار گۆڵی تۆمارکرد.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە