رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی فەرەنسا بە سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر کازاخستاندا، گەیشتنی خۆی بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر مسۆگەرکرد.
لە گەڕی پێشکۆتایی پاڵاوتنەکانی ئەوروپا بۆ مۆندیال، فەرەنسا میوانداری کازاخستانی کرد و 8-0 لێیبردەوە، کە کیلیان ئێمباپێ سوپەر هاتریکی کرد و کەریم بنزیماش دووجار تۆڕی کازاخستانییەکانی هەژاند.
فەرەنسییەکان هەر لە خولەکی شەشەوە لە رێگەی ئێمباپێیەوە گۆڵی پێشکەوتنیان کرد، ئینجا ئەو یاریزانە دوو گۆڵی دیکەشی کرد و نیوەی یەکەم بە هاتریکی کیلیان کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا، کەڵەشێرەکان دڵڕەقتر دەرکەوتن و 5 گۆڵی دیکەیان کرد، کە کەریم بنزیما دوای وەرگرتنی کارتێکی زەرد دوو گۆڵی بەدوای یەکدا تۆمارکرد، ئینجا رابیۆ و گریزمانیش دوو گۆڵی دیکەیان کرد، بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە بە 3 خولەک ئێمباپێی باشترین یاریزانی یارییەکە گۆڵی سوپەر هاتریکی خۆی و هەشتەمی فەرەنسای تۆمارکرد.
کیلیان ئێمباپێ کە بەر لەوەی سوپەر هاتریک تۆماربکات، لێدانێکی سزا بۆ فەرەنسا هەژمارکرا و دەیتوانی سوپەر هاتریک تۆماربکات، کەچی رێگەی بە ئەنتوان گریزمان دا لێدانەکە جێبەجێبکات، ئینجا دواتر گۆڵی سوپەر هاتریکیشی تۆمارکرد، کە یەکەم یاریزانی فەرەنسایە لە دوای 1958 سوپەر هاتریک بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا تۆماربکات.
بەم ئەنجامە فەرەنسا بووە خاوەنی 15 خاڵ و بلیتی یەکەمی کۆمەڵەی چوارەمی بەدەستهێنا و بە فەرمی گەیشتە مۆندیالی قەتەر، فینلەندا و ئوکرایناش رکابەری لەسەر بلیتی پاشکۆ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ