رووداو دیجیتاڵ
ئێرلینگ هالاند بەردەوامە لە نووسینەوەی مێژوو لە تۆپی پێی ئینگلتەرا و دوای ئەوەی گۆڵی ژمارە 100ـی لە پرێمەرلیگ تۆمارکرد، پرسیارەکان لەبارەی ئەوەی ئایا ئەو باشترین گۆڵکاری مێژووی خولەکەیە دەستیپێکردووە. بەگوێرەی ئامار و شیکارییەکان، هێرشبەرە نەرویجییەکە رێژەی گۆڵکردنی لە هەمووان بەرزترە، بەڵام بۆ شکاندنی ژمارەی گۆڵەکانی جیمی گرێڤز و دیکسی دین، پێویستی بە مانەوەی درێژخایەن و بەردەوامییەکی بێوێنە دەبێت.
لەو کاتەوەی هالاند پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی کردووە، ئاستێکی بێهاوتای لە سەردەمی پرێمەرلیگدا پێشکێش کردووە. لە کۆی 167 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، 145 گۆڵی بۆ سیتی تۆمارکردووە، کە تێیدا 11 هاتریکی کردووە و دووجاریش 5 گۆڵی لە یەک یاریدا تۆمارکردووە.
هێرشبەرە 25 ساڵانەکە، هەفتەی رابردوو بەرامبەر فولهام گۆڵی ژمارە 100ـی خۆی لە پرێمەرلیگ تۆمارکرد، ئەمەش تەنیا لە 111 یاریدا، واتە 13 یاری کەمتر لە ئالان شیێرەر کە خاوەنی پێشووی ژمارە پێوانەییەکە بوو بە 124 یاری.
ئەگەرچی پرێمەرلیگ لە ساڵی 1992 دەستیپێکردووە، بەڵام مێژووی خولی ئینگلتەرا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1888. لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت: ئایا هالاند باشترە لە 'مەکینەی گۆڵکردن' دیکسی دین؟ یان چۆن بەراورد دەکرێت بە جیمی گرێڤز، گۆڵکارە مێژووییەکەی پەنجا و شەستەکانی سەدەی رابردوو؟
بەراوردکردنی یاریزانانی سەردەمە جیاوازەکان کارێکی ئاڵۆزە، بەتایبەت بەهۆی گۆڕانکاری لە رێژەی گۆڵکردن لە مێژووی 137 ساڵەی خولەکەدا. هالاند پێویستی بە 147 گۆڵی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بچێتە ریزبەندی 10 گۆڵکاری مێژوویی خولی ئینگلتەرا، هەروەها پێویستی بە 258 گۆڵی دیکەیە بۆ ئەوەی ژمارەکەی جیمی گرێڤز بشکێنێت کە خاوەنی 357 گۆڵە و لە پلەی یەکەمدایە.
گرێڤز کە بۆ یانەکانی چێڵسی (124 گۆڵ)، تۆتێنهام (220 گۆڵ) و وێستهام (13 گۆڵ) یاریی کردووە، دوایین یاریی فەرمیی لە تەمەنی 31 ساڵیدا ئەنجامداوە.
سەبارەت بە رێژەی گۆڵکردن، دیکسی دین خاوەنی رێژەی 0.86 گۆڵ بووە لە هەر یارییەکدا، بەڵام ئێستا هالاند خاوەنی رێژەی 0.89 گۆڵە لە هەر یارییەکدا کە ئەمەش رێژەیەکی بەرزترە. لەگەڵ ئەوەشدا، دین خێراتر لە هالاند گەیشتووەتە 100 گۆڵ، کاتێک لە تەمەنی 21 ساڵیدا و تەنیا لە 104 یاریدا ئەو ژمارەیەی تۆمارکردووە.
یەکێک لە دەستکەوتە هەرە مەزنەکانی مێژووی تۆپی پێ، تۆمارکردنی 60 گۆڵ بوو لەلایەن دیکسی دینەوە لە وەرزی 1927-1928. هیچ یاریزانێک نە پێشتر و نە دواتر نەیتوانیوە لە وەرزێکدا بگاتە 50 گۆڵیش. زۆرترین گۆڵی هالاند لە وەرزێکدا 36 گۆڵ بووە. دین ئەو 60 گۆڵەی تەنیا بە یەک لێدانی سزاوە تۆمارکردبوو، لەکاتێکدا هالاند لە وەرزە مێژووییەکەیدا 7 گۆڵی بە لێدانی سزا تۆمارکردبوو.
سەبارەت بە جیمی گرێڤز، کە گۆڵکاری مێژوویی خولی ئینگلتەرایە بە 357 گۆڵ، هالاند رێگەیەکی دووری لەبەردەمە. گرێڤز لەو تەمەنەی ئێستای هالاند (25 ساڵ) خاوەنی 246 گۆڵ بوو، واتە 146 گۆڵ زیاتر لە هالاند. ئەگەر هالاند بیەوێت ژمارەکەی گرێڤز بشکێنێت، دەبێت تاوەکو ساڵی 2034 و کۆتایی گرێبەستەکەی، لە هەر وەرزێکدا تێکڕا 29 گۆڵ تۆماربکات.
شیکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گۆڕانکاری لە یاسای ئۆفساید لە ساڵی 1925 کاریگەری هەبووە لەسەر زۆری گۆڵەکان لە سەردەمی دیکسی دیندا، هەروەها ژمارەی یارییەکان لەو کاتەدا 42 یاری بووە نەک 38. لە سەردەمی گرێڤزیشدا رێژەی گۆڵکردن لە هەر یارییەکدا زیاتر لە 3 گۆڵ بووە، کە ئەمە لە سەردەمی ئێستادا کەمتر دەبینرێت، جگە لە وەرزی رابردوو کە رێژەکە بەرزبووەوە.
هەرچەندە هەلومەرجەکان جیاوازن، بەڵام ژمارەکانی هالاند ترسناکن. تەنیا کات و دوورکەوتنەوە لە پێکان دەتوانن وەڵامی ئەوە بدەنەوە ئایا ئەستێرە نەرویجییەکە دەتوانێت ژمارەی 357 گۆڵەکەی گرێڤز بشکێنێت. بەڵام سەبارەت بە ژمارەی 60 گۆڵ لە وەرزێکدا کە هی دیکسی دینە، رەنگە ئەوەیان ژمارەیەکی نزیک مەحاڵ بێت لە پرێمەرلیگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ