رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی 9 رۆژ بەسەر بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستاندا، دواجار زانیارییەک لەبارەی کریستیان ئاتسۆ، هێرشبەری غانی و یانەی هاتای سپۆری تورکی گەیشت.
نانا سیشێر، بەڕێوەبەری کارەکانی کریستیان ئاتسو، کە پێش چەند رۆژێک بۆ دەستکەوتنی زانیاری لەبارەی یاریزانەکەوە چووە تورکیا لە تویتەر نووسیوویەتی " دوای تێپەڕبوونی 9 رۆژ بەسەر بوومەلەرزەدا، تاوەکو ئێستا نەمانتوانیووە کریستیان بدۆزینەوە، هەرچەند ژوورەکەیمان بەتەواوی دۆزییەوە و پێڵاوەکانیشمان بینی، بەڵام هێشتا ئەومان نەدۆزیووەتەوە کە زیندووە یان مردووە."
بەڕێوەبەری کارەکانی ئاتسۆ دەڵێت " ئێمە قەرزاری تیمەکانی فریاگوزاری تورکیا، بیانی و خۆبەخشەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنین، بەڵام بەداخەوە کە یانەکە لەگەڵمان نییە بۆ گەڕان بەدوای ئاتسۆدا."
کریستیان ئاتسۆ، هێرشبەری غانی پێشتر لە خولەکانی پۆرتوگال، ئینگلتەرا، ئیسپانیا و سعودیە یارییکردووە، یەکێک بووە لە یاریزانەکانی یانەی چێڵسی و نیوکاسل یونایتد، لە ساڵی 2022 پەیوەندیی بە یانەی هاتای سپۆری تورکییەوە کردووە.
شەوی پێش روودانی بوومەلەرزەکە، کریستیان ئاستۆ گۆڵی بردنەوەی بۆ یانەی هاتای سپۆر لە یاریی بەرامبەر یانەی قاسم پاشا تۆمارکرد، دوای ئەوەش لە بەرەبەیانی رۆژی 6ـی شوباتی 2023 بوومەلەرزە روویدا و بەو هۆیەوە یاریزانەکە تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکی نییە.
پێشتر جێگری سەرۆکی یانەی هاتای سپۆر رایگەیاندبوو، یاریزانەکە بە زیندوویی دۆزراوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام هەواڵەکە راست نەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ