یاریزانانی مانچێستەر یونایتد داوای نوێکردنەوەی گرێبەستی هاری ماگوایەر دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن هاری ماگوایەر
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یاریزانانی مانچێستەر یونایتد پشتگیریی خۆیان بۆ هاری ماگوایەر دەربڕیوە و داوا دەکەن یانەکە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، چونکە بەیەکێک لە بڕبڕە پشتەکانی تیپەکەی دەزانن و رۆیشتنی لە هاوینی ئەمساڵدا بە زیانێکی گەورە بۆ یانەکە ناودەنێن.
 
میدیاکانی ئینگلتەرا ئاشکرایان کردووە، ژووری جلگۆڕینی  مانچێستەر یونایتد یەکدەنگن لەسەر ئەوەی هاری ماگوایەر لە یانەکە بمێنێتەوە. ماگوایەری تەمەن 32 ساڵ، گرێبەستەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستا داهاتووی بەنادیاری ماوەتەوە، بەڵام هاوڕێکانی پێیانوایە نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی 'شێتییە'.
 
یاریزانانی مانچێستەر یونایتد رێزێکی زۆریان بۆ ماگوایەر هەیە، نەک تەنیا بۆ ئاستی ناو یاریگە، بەڵکو بۆ رۆڵی لە هاوکاریکردنی یاریزانە گەنجەکان وەک لێنی یۆرۆ و ئایدن هیڤن. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەڵام ماگوایەر لەم دواییانەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێش کردووە و گۆڵی یەکلاکەرەوەی لە بەرامبەر لیۆن و لیڤەرپوول تۆمارکردووە.
 
ماگوایەر ئێستا هەفتانە 190 هەزار پاوەند وەردەگرێت، ئەگەر گرێبەستەکەشی نوێ بکرێتەوە، رەنگە مووچەکەی کەم بکرێتەوە.
 
مایکڵ کاریک، راهێنەری مانچێستەر یونایتد دوای یارییەکەی مانچێستەر سیتی گوتی "هاری و لیساندرۆ مارتینێز بنچینەیەکی بەهێزیان بۆ تیپەکە دروستکردووە، ئەو تەنیا دوو سێ رۆژ مەشقی کردبوو، بەڵام ئاستێکی نایابی نیشاندا".
 
ئاستی ماگوایەر لە یارییەکانی بەرامبەر ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی وایکردووە جارێکی دیکە ببێتەوە بە یاریزانێکی سەرەکی، یانەکەش چاوەڕێی دوایین یارییەکانی ئەم وەرزە دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی بدات. گەیشتنی مانچێستەر یونایتد بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، هەلی مانەوەی ئەم بەرگریکارە زیاتر دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە