بارسێلۆنا سەرکەوتنێکی گرنگی بەرامبەر ئێڵچی بەدەستهێنا و جیاوازییەکەی فراوانتر کرد

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا نازناوی لالیگا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا سەرکەوتنێکی شایستەی بەدەستهێنا بەرامبەر یانەی ئێڵچیی خاوەن یاریگا بەئەنجامی 3-1، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 22ی لالیگا.
 
بەو ئەنجامە، یانە کەتەلۆنییەکە کۆی خاڵەکانی بۆ 55 خاڵ بەرزکردەوە و پێشەنگی ریزبەندی لالیگای بەجیاوازی 4 خاڵ لەگەڵ ریال مەدریدی رکابەری فراوانتر کرد.
 
خولەکەکانی سەرەتای یارییەکە جۆشوخرۆشییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی، لامین یامال لە خولەکی دووەمدا هەلێکی مسۆگەری گۆڵی لەدەستدا، بەڵام یامال توانی زۆر زوو و لە خولەکی شەشەمدا گۆڵی یەکەم و پێشکەوتن تۆمار بکات.
 
بارسێلۆنا بەردەوام بوو لە گوشارەکانی، دانی ئۆلمۆ هەلێکی دیکەی لەدەستدا کە تۆپەکەی بە لای ستوونی گۆڵەکەدا رۆیشت. 
 
یانەی خاوەن یاریگە گوشارێکی زۆریان دروست کرد و لێدانێکی بەهێزی ئۆلمۆش بەر ستوونی سەرەوەی گۆڵی ئێڵچی کەوت. 
 
لە خولەکی 29دا، ئێڵچی سوودی لە هەڵەیەکی بەرگری وەرگرت و گۆڵی یەکسانبوونەوەی لە رێگەی ئەلڤارۆ رۆدریگیزەوە تۆمارکرد.
 
پێش کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، فرێنکی دی یۆنگ لێهاتوویی خۆی نیشاندا و تۆپێکی بۆ فێران تۆرێس نارد، ئەویش توانی گۆڵی دووەمی بارسا لە خولەکی 40دا تۆمار بکات.
 
لە نیوەی دووەمدا، بارسێلۆنا بەردەوام بوو لە گوشارەکانی بۆ دڵنیابوونەوە لە بردنەوەکەیان، لەو خولەکانەدا لیڤاندۆڤسکی، یامال و فێرمین لۆپێز چەندین هەلیان لەدەستدا.
 
بەڵام مارکۆس راشفۆرد کە وەک یەدەگ هاتبووە ناوەوە، دوای ئەوەی هەلێکی سەیری لەدەستدا، توانی بە سوودوەرگرتن لە پاسێکی لامین یامال، گۆڵی سێیەم بۆ بارسێلۆنا لە خولەکی 72دا تۆمار بکات.
 
لە خولەکەکانی کۆتاییدا، بارسێلۆنا بەردەوام بوو لە بەفیڕۆدانی هەلەکان، بەڵام یارییەکەی بەسەرکەوتنێکی شایستە و بەئەنجامی 3-1 کۆتایی پێهێنا و بەشێوەیەکی کاتی جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید کرد بە 4 خاڵ. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە