دیدار غازی: رۆیشتنم لە هەولێر بەهۆی پارە نەبووە

15-07-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن دیدار غازی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دیدار غازی، ئەستێرەی کوردی یانەی ئەمانەی بەغدا، دوای سەرکەوتنیان بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق، بۆ رووداو ئاشکرایکرد کە رۆیشتنی لە یانەی هەولێر هەرگیز بەهۆی پارەوە نەبووە و گوتی "رۆیشتنم لە هەولێر پەیوەندی بە پارەوە نەبوو". 
 
دیدار غازی، تەمەن 28 ساڵان، لە گواستنەوەی زستانەدا لەگەڵ مەحموود شاکر بەیەکەوە هەولێریان بەرەو ئەمانەی بەغدا بەجێهێشت. 
 
دیدار، لەبارەی بەجێهێشتنی یانەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "من لەخولی ئەستێرەکانی عێراق تۆمارکرابووم، بەڵام دەرفەتی یارییکردنم کەمبوو و زۆربەی یارییەکان لەسەر کورسی یەدەگ بووم، ئەوەبوو زیاتر دەرفەتی یارییکردنم لە خولی نایابی کوردستان پێدرا و لەگەڵ یانەی هەولێری بەشدار لە خولی نایابی کوردستان کرد و نیو وەرز لەگەڵیان بووم، هەر بۆیە بڕیارم دا یانەی هەولێر بەجێبهێڵم و بچمە یانەیەک کە دەرفەتی یارییکردنی زیاتر وەربگرم و ئەمانەی بەغدام هەڵبژارد، بەخۆشحاڵییەوە زۆر ئاسوودە بووم لەگەڵیان". 
 
دیدار، سەبارەت بەگرێبەستەکەی لەگەڵ ئەمانەی بەغدا بۆ رووداو گوتی "من زۆر ئاسوودە بووم لەگەڵ ئەمانەی بەغدا، کاتێک من و مەحموود بڕیارماندا بەیەکەوە یانەکەمان بەجێبهێڵین، ئەمانەی بەغدا داوایان کردین و ئێمەش گرێبەستەکەیانمان قبوڵ کرد".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئەو کاتەی پەیوەندیمان بە یانەکەوە کرد لە پلەی حەوتەم بووین، بەڵام هەر لە سەرەتاوە راهێنەر پشتی پێبەستین و توانیمان رۆڵێکی گەورە ببینین لەسەرخستنی یانەکە بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق". 
 
یانەی ئەمانەی بەغدا، دوو وەرزە لەخولی ئەستێرەکانی عێراق بێبەشە و ئەم وەرزە بەپلەی سێیەم گەڕایەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق. 
 
دیدار لەساڵی 2020ـەوە لە یانەی هەولێرە و پێش ئەویش لە پێشمەرگەی هەولێر بوو و لەگەڵیدا ساڵی 2017 نازناوی خولی نایابی کوردستانی بەدەستهێنا. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە