نەورۆز هەولێری لە نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بێهیوا کرد

38 خولەک له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن یانەی هەولێر یانەی نەورۆز
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر هەولێردا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بە گۆڵێکی بێوەڵام لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریریدا یارییەکەی لێ بردەوە.

لە گەڕی 35ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی نەورۆزی کرد. ئەم یارییە بۆ هەولێر گرنگییەکی تایبەتی هەبوو، چونکە بە بردنەوەی سێ خاڵەکە دەیتوانی جیاوازییەکەی لەگەڵ یانەی شورتەی خاوەن پلەی دووەم کەم بکاتەوە، بەڵام پلانەکانی راهێنەری هەولێر وەک پێویست جێبەجێ نەکران.

گێمی یەکەمی یارییەکە بەبێ تۆمارکردنی هیچ گۆڵێک لەلایەن هەردوو لایەنەوە کۆتاییهات. لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 66ـدا، محەممەد رەزا جەلیل توانی تاکە گۆڵی یارییەکە بۆ یانەی نەورۆز تۆمار بکات و یانەکەی بەرەو سەرکەوتن ببات.

ئامارەکان دەریدەخەن هەولێر 61%ـی کاتی یارییەکە کۆنترۆڵی تۆپی لای خۆی هێشتەوە، بەڵام نەورۆز لە رووی هەڕەشە بۆ سەر گۆڵ باشتربوو. یانەی نەورۆز 10 شووتی ئاراستەی گۆڵ کرد و سێیان بۆ نێو گۆڵ بوون، لە بەرامبەردا هەولێر تەنیا 7 لێدانی هەبوو و دوو لێدانیان بۆ نێو گۆڵ بوون.

بەم ئەنجامە، یانەی هەولێر دوای ئەنجامدانی 35 یاری بە 70 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەدا مایەوە و نەیتوانی گوشار بخاتە سەر پلەی دووەم. لە بەرامبەردا، یانەی نەورۆز کۆی خاڵەکانی گەیاندە 50 خاڵ و پێگەی خۆی لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییەکەدا جێگیرتر کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە