لێدوانی راهێنەران.. سلۆباکین و دی لافوێنتێ سەرکەوتنیان دەوێت

15-10-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سلۆباکین دی لافوێنتێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە یارییەکی گرنگی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024، هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی نەرویج. سەبارەت بەو یارییەی راهێنەرانی هەردوو هەڵبژاردە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
 
پوختەی قسەکانی هەردوو راهێنەرەکە بەمشێوەیە بوو:
 
 
ستاڵ سۆلباکین، راهێنەری هەڵبژاردەی نەرویج:
 
شێوازی یاریکردنی ئیسپانیا ناوازەیە، عەقڵیەتی یاریکردنیشیان بەهەمانشێوە، پێموایە کاردانەوەی باشمان هەبوو دوای ئەو دۆڕانانەی بەرامبەر جۆرجیا و سکۆتلەندا تووشی بووین.
 
ئێمە زۆر باشبووین، بەتایبەتی لە هێرشبردندا، ئێمە زۆر نزیکین لەوەی کە دەمانەوێت، دۆخەکە سەختە، بەڵام ئەگەری هەیە بگەینە ئامانج.
 
ئۆدیگارد وەک یاریزان و وەک کەسایەتی زۆر بەباشی پێگەیشتووە و گەشەی کردووە. ئاڵنگارییەکی زۆر قورسە لە تەمەنی 16 ساڵیدا بچێتە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، بەڵام دەتوانی زۆر بەهێز لەو ئەزموونە دەربچی.
 
 
لویس دی لا فوێنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا:
 
ئامادەکاریمان بۆ ئەم یارییە لەوە زیاترە کە گرنگی بە یەک یاریزان بدەین. ئێمە درک بە گرنگی ئێرلینگ هالاند دەکەین بۆ نەرویج، بەڵام ئەو تیپە ژمارەیەکی زۆر یاریزانی گرنگ لەخۆدەگرێت، بۆیە کاردەکەین بۆ ئەوەی بەرگرییەکی باش بکەین و رووبەڕووی هەموو ئەو بژاردە هێرشبەرانە ببینەوە کە دەزانین بەرامبەرەکەمان خاوەنیانە. جەختیش لەوە دەکەمەوە کە هالاند یاریزانێکی زۆر گرنگە.
 
سەبارەت بە داهاتووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، من لەم بابەتە نیگەران نیم و بیریشی لێناکەمەوە، ئێستا بایەخ بە یارییەکەمان بەرامبەر نەرویج و یارییەکانی داهاتوومان و خێرا گەیشتن بە یۆرۆ دەدەم. بیر لە داهاتوو ناکەمەوە یان خەمی ئەوە بخۆم، ئەوەی روودەدات هەر روودەدات، لە هەر دۆخێکدا من چێژ لەو کارە وەردەگرم کە خۆشم دەوێت و ناتوانم کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەم کە لە داهاتوودا روودەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە