سەڵاحەدین سیامەند: ئامانجمان نوێگەرییە

15-10-2025
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن سەڵاحەدین سیامەند خولی نایابی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
رۆژی شەممەی داهاتوو بەئەنجامدانی یاریی جامی سوپەری کوردستان، وەرزی نوێی رکابەرییەکانی تۆپی پێی کوردستان دەستپێدەکات.
 
جامی سوپەری کوردستان لە نێوان یانەی هەندرێن و شێروانە لە یاریگەی نەورۆز لە سلێمانی ئەنجامدەدرێت. یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بەنیازە بەشێوەیەکی جیاواز رووماڵی یارییەکە بکات. سەرۆکی یەکێتییەکە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "ئامانجمان نوێگەرییە".
 
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەک رێککەوتووە بۆ رووماڵکردنی یاری جامی سوپەری کوردستان، کە بە 6 بۆ 8 کامێرا رووماڵ دەکرێت، سەڵاحەدین سیامەند، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بە رووداو سپۆرتسی گوت "هاوشێوەی کەناڵە جیهانییەکان گرنگییەکی زۆر بەم یارییە دەدەین. ئەم پلانە نوێیە، جارێ بەتەنیا لە جامی سوپەر بەکاردەهێنین، ئەگەر سەرکەوتوبووین ئەوا، لە خولی نایابی کوردستانیش بەکاریدەهێنین، هەفتانە بەپێی بەهێزیی یارییەکانی خولەکە، بڕیار دەدەین کە کام یاریی بەم شێوازە رووماڵ بکەین". 
 
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، لەسەر وادەی بەڕێوەچوونی خولی نایابی کوردستان بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "بەدڵنیاییەوە لە 22ـی مانگ یان 23ـی مانگ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەستپێدەکات، هەوڵدەدەین ئاهەنگێکی تایبەتیش بۆ یاریی کردنەوەی خولەکە رێکبخەین، سەبارەت بە تیروپشکەکەش، بە شێوەی دەست ئەنجامی نادەین و بە ژیریی دەستکرد ئەنجامی دەدەین، دواتر هەموو هەفتەکان بڵاودەکەینەوە". 
 
رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بە بەشداری 12 یانە و خولی پلە یەکەکانی کوردستانیش لە 15/11 دەستپێدەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە