ڤیدیۆ؛ گەڕان بەدوای سوپەر لە بیابانەکانی سعودیەدا

16-01-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کارلۆ ئەنچێلۆتی و مارسیلینیۆ گارسیا
کارلۆ ئەنچێلۆتی و مارسیلینیۆ گارسیا
نیشانەکردن جامی سوپەری ئیسپانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا دەکرێت، هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئاتلێتیک بیلباو رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.
 
یارییەکە کاژێر 21:30 لەسەر یاریگەی شا فەهد، لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە دەکرێت، ریال مەدرید لە یاریی رابردوودا لە بارسێلۆنای رکابەری بردەوە و ئاتلێتیک بیلباویش بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرکەوت.
 
راپۆرتی یارییەکە
 
ریال مەدرید دوای ئەوەی بۆ پێنجەم جار لەسەریەک کلاسیکۆی لە بارسێلۆنا بردەوە، ورەبەرزە و نایەوێت ئاتلێتیک بیلباو ببێتە رێگر لەبەردەمیدا بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی ئەمساڵی، کە لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا لەسەر یاریگەی شا فەهەد لە سعودیە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
 
ئەنچیلۆتی کە ئێستا خاوەنی تیپێکی رێکخراوە، چاوی لە بردنەوەی یارییەکە و نازناوەکەیە، سەرەڕای ئەوەی لە هێڵی دواوە کێشەی بۆ دروستبووە، کە کارڤاخال تووشی کۆرۆنا بووە و هەریەک لە ئالابا و ڤاییخۆش کێشەیان هەیە و دوێنێ بەشدارییان لە مەشقەکاندا نەکردووە، بۆیە ئەگەری هەیە یاری بە مارسێلۆ بکات.
 
کارلیتۆ دڵی بەوە خۆشە کە هێڵی ناوەڕاستی و هێرشبردنی بەتەواوی ئامادەن، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ڤینیسیۆس و بنزیما لە کلاسیکۆدا هەستیان بە ئازار کرد، ئێستا ئازارەکەیان نەماوە و ئامادەن بۆ دووبارەکردنەوەی ئەوەی لە  بەرامبەر بارسێلۆنا کردیان.
 
ئەو دوو هێرشبەرە کە لەم وەرزەدا پێکەوە 31 گۆڵیان کردووە، جێگەی ئومێدی مەدریدییەکانن، کە ئەوان دەتوانن بە گوشارخستنە سەر گۆڵی تیپەکەی باسک، لە مەترسییەکانی هێڵی دواوەیان کەم بکەنەوە.
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی ریال مەدرید دەبێت ئەو راستییە بزانێت کە نابێت لە یاریی کۆتاییدا بەهەمان شێوازی یارییەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا یاری بکەن، چونکە ئاتلێتیک بیلباو لە هەموو روویێکەوە تیپێکی جیاوازە لە بارسا، ئەگەر پلانی هێرشی هەڵگەڕاوە لە دژی بارسێلۆنا هەمیشە جێگەی مەترسی بێت بۆ بیلباو هەرگیز وانییە، چونکە خۆیشی لەوانەیە ئەو پلانە بەکاربهێنێت.
 
نابێت ئەوەش لەبیربکەین کە ئەگەرچی بیلباو لە لالیگادا لەدواوەیە، کە لە پلەی نۆیەمی ریزبەندیدایە، بەڵام هەمیشە لە یارییەکانی کۆتایی و بەتایبەتیش لەگەڵ یانە گەورەکان گەورە دەردەکەوێت.
 
ئەم یانەیە پاڵەوانی ساڵی رابردووی ئەم پاڵەوانێتییەیە و هەر خۆی ریال مەدریدی لە قۆناخی پێشکۆتایی دەرکرد و لە یاریی کۆتاییشدا لە بارسێۆنای بردەوە، ئەمساڵیش ئاتلێتیکۆ مەدریدی دەرکردووە، کەواتە ئەم تیپە بەشی ئەوە هۆکار و پاساوی بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ریال مەدریدیش بباتەوە و بۆ چوارەمجار بەسەریەکەوە نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا بباتەوە، کە پێشتر سێجار بەدەستیهێناوە، بەڵام ریال مەدریدیش بەهەمان شێوە سێ نازناوی هەیە و خوازیارە ئەو لە جیاتی بیلباو ببێتە خاوەنی چوارەمین نازناو.



ئامارەکانی بەر لە ئەنجامدانی یارییەکە
 
یانەی ریال مەدرید 17 جار یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیای ئەنجامداوە، 11 جار نازناوەکەی بردووەتەوە، دوایینجار لە 2019 بوو.
 
یانەی ئاتلێتیک بیلباو، 5 جار یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیای کردووە، 3 جار نازناوەکەی بردووەتەوە، دوایینجار لە وەرزی رابردوو بوو.
 
هەردوو یانە مێژوویەکی دوور و درێژیان لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکان بەرامبەر یەکدی هەیە، هەردوو یانە 238 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ریال مەدرید 119 یاریی بردووەتەوە، 44 جار یەکسانبوون و 75 یاری لە بەرژەوەندی ئاتلێتیک بیلباو کۆتاییهاتووە.
 
ریال مەدرید 450 گۆڵی یانەکە کردووە و 326 گۆڵ لەلایەن ئاتلێتیک بیلباوەوە تۆمارکراون.
 
کەریم بنزیما بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو، ئامارەکانی زۆرباشن و چەکی بەهێزی ریال مەدرید دەبێت لە یارییەکەی ئەمشەودا.
 
کەریم بەرامبەر بیلباو 26 یاریی کردووە، 17 گۆڵی تۆمارکردووە و 6 ئاسیستی هەبووە.
 
ریال مەدرید لە دوایین 3 یارییدا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو نەدۆڕاوە، بەڵام دوایین دۆڕانی بەرامبەر ئەو یانەیە لە جامی سوپەردا بووە.
 
پێکهاتەی پێشبینیکراوی هەردوو یانە
 
یانەی ریال مەدرید بەهۆی تووشبوونی دانی کارڤاخاڵ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەکیدا دەکات و ئەگەری هەیە لوکاس ڤاسکێز لە شوێنی ئەو یاریزانە یاری بکات، بەڵام ئاتلێتیک بیلباو پێناچێت هیچ گۆڕانکارییەک بکات و بە ئەگەری زۆرەوە بە هەمان پێکهاتەی یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید یارییدەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە