رووداو دیجیتاڵ
یانەی گازی باکوور لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی خۆی لە گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق نزیکبکاتەوە، کاتێک لە یاریی لووتکەدا بەرامبەر یانەی حدوود یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 36ـی خولی نایابی عێراق، یانەی گازی باکوور لە کەرکووک میوانداریی یانەی حدوود دەکات، یانەکە لە بەردەم هەلێکی زۆر گەورەدایە بۆ ئەوەی جیاوازییەکەی لەگەڵ حدوود بۆ سێ خاڵ بەرزبکاتەوە و لە گەیشتن بە خولی ئەستێرەکانی عێراق نزیکببێتەوە.
یارییەکە کاژێر 16:30 دەکرێت، گازی باکوور دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەم یارییە گرنگە بباتەوە.
پێش ئەنجامدانی یارییەکە هەردوو یانەی حدوود و گازی باکوور خاوەنی 67 خاڵن، بەڵام حدوود بە جیاوازیی گۆڵ لە پلەی دووەمە و گازی باکوور سێیەم.
بە بردنەوەی ئەم یارییە گازی باکوور دەچێتە پلەی دووەمی ریزبەند و تەنیا دوو گەڕ دەمێنێت بۆ تەواو بوونی خولەکە.
پێش یارییەکە گازی باکوور لە فەیسبووکی خۆی نووسیوویەتی "وەرزێکمان بە ماندووبوون و ئیرادەوە بونیادنا، پاڵەوانەکانمان تەواوکەری خەونەکە دەبن".
14 ساڵە هیچ یانەیەکی کەرکووک لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی عێراق یاریی نەکردووە، گازی باکوور دەیەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی شارەکە بهێنێت بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ