دێربیی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و هاندەرانی نەورۆز ئامادەنابن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەولێر نەورۆز خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی لووتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و هەردوو یانەی هەولێر و نەورۆز لە دێربییەکی کوردستانیدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 35ـی خولەکەدا، کاژێر 20:00 یانەی هەولێر لە یاریگای فرانسۆ هەریری میوانداریی یانەی نەورۆز دەکات، خاوەن یاریگا دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
 
یانەی هەولێر لە هەژدە یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، لە گەڕی رابردوودا بە ئەنجامێکی گەورە لە یانەی نەجەفی بردەوە، ئەمشەو لە یاریگای خۆیدا دەیەوێت سوود لە هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی سێ خاڵی دیکە بەدەستبهێنێت و لە شورتەی دووەم دوورنەکەوێتەوە.
 
باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لەبارەی یارییەکەوە گوتی " "ئێمە وەک هەولێر بەتەواوی ئامادەین و هیچ یاریزانێک نییە ئامادە نەبێت، هیوادارم یارییەکی بەهێز و شایستە بە ناوی هەردوو یانە پێشکێش بکەین". هەروەها گوتیشی "نەورۆز مافی خۆیەتی خەونی هەبێت، بەڵام خەونی ئێمە گەورەترە، چونکە ئەم سەرکەوتنە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی خولەکە، ئەمەش هاندەرێکی گەورەیە بۆ یاریزانەکانمان".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، راهێنەری هەولێر باسی لەوە کرد یانەی نەورۆز لە یاریی رابردوو 5 بۆ 6 یاریزانی سەرەکییان بەهۆی پێکان و سزاوە یاریی نەکردووە، بەڵام بێگومان بۆ ئەم یارییە ئامادە دەبن، بۆیە پێویستە هاندەرانی هەولێر بە ژمارەیەکی زۆرەوە لە یاریگە ئامادەبن، چونکە هەمیشە باشترین پاڵپشتی یانەکەن.
 
یانەی نەورۆز دوو یاریی رابردووی بەرامبەر یانەکانی کارەبا و شورتە دۆڕاندووە، یانەکە بەهۆی پێکانەوە لە توانای چەند یاریزانێکی بێبەش دەبێت کە دیارترینیان نێتۆ ئاکارای هێرشبەری بەرازیلییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە بکات.
 
پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە، یانەی نەورۆز لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 47 خاڵ و چاوی لەوەیە شوێنەکەی لە ریزبەندی خولەکەدا باشتر بکات.
 
هەولێر و نەورۆز لەسەر ئاستی عێراق 9 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، نەورۆز 4 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، هەولێر خاوەنی 2 بردنەوەیە و 3 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی یارییەکە، یانەی نەورۆز لە راگەیێنراوێکدا کە لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "بە بڕیاری دەستەی کارگێڕی یانەکەمان بە فەرمی هیچ هاندەرێکی ئێمە گەشتی شاری هەولێر ناکات بۆ یاریی نێوان نەورۆز و هەولێر".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە