رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید و جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی، رێکەوتنی تەواویان لەسەر هەموو خاڵەکانی گەڕانەوەی ئەو راهێنەرە بۆ مەشقدانی ریال مەدرید کردووە.
رۆژنامەی 'سپۆرت' ئاشکرایکردووە، رێکەوتنەکە کراوە و لەدوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی یانەکە، دەستبەجێ گەڕانەوەی سپێشەڵ وەن بۆ یانەکە رادەگەیێنرێت.
سەرچاوە میدیاییەکان دەڵێن، پەنابردنی سەرۆکی ریال مەدرید بۆ جۆزێ مۆرینیۆ، پەیامێکی ئەو سەرۆک یانەیەیە بۆ یاریزانانی یانەکەی، کە لە ماوەی وەرزی ئەمساڵدا کێشە و گرفتی زۆر لەنێوانیاندا سەریهەڵدا و ناکۆکیییەکانیان گەیشتە حاڵەتی لێکدان لە یەکدی.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، پێرێز پێیوایە ژووری جلگۆڕینی یانەکەی پێویستیی زۆری بەکەسایەتییەکی خاوەن کاریزمان و دەسەڵات، هەروەها توانادار لە سەپاندنی سیستم و رێککاری بەسەر یاریزانەکاندا هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، وەک هەمان ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، کەوتنی بەربژێرەکانی دیکە، رۆڵی گەورەی هەبووە لە سەقامگیربوونی پێرێز لەسەر مۆرینیۆ.
وەک ئەو سەرچاوانە دەڵێن، کڵۆپ سوورە لەسەرئەوەی نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ کاری راهێنەرایەتی، لە کاتێکدا راهێنەرانی دیکە کە بەیانەکەوە دەبەسترانەوە، لە هاوشێوەی لیۆنێل سکالۆنی، دیدێ دیشام و ماوریسیۆ پۆچێتینیۆ، تاوەکو دوای مۆندیال دەستبەتاڵ نابن و ئەوەش بەبڕوای پێرێز کارێکی باش نییە.
سەرۆکی ریال مەدرید دەیەوێت راهێنەری داهاتووی تیپەکەی، هەرزوو دەستبەکاربێت و پلانی بازاڕی گواستنەوە و رێکخستنەوەی کارەکان دابنێت.
خاڵێکی دیکەی یەکلاکەرەوەی بڕیاردانی سەرۆکی ریال مەدرید بەرامبەر مۆرینیۆ، قسەکانی ئەو سەرۆکەیە لە دوایین چاوپێکەوتنیدا.
پێرێز کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی مۆرینیۆوە گوتی، "ئایا مۆرینیۆم بەدڵە؟ من هەموو راهێنەرانم خۆشدەوێت، ئەو لەگەڵمان بوو، ئاستی رکابەریی ئێمەی بەرزکردەوە، دوای ئەو چەندین نازناوی چامپیۆنزلیگمان بردەوە".
بەپێی ئەوەی ریال مەدرید رایگەیاندووە، رۆژی 23ی ئەم مانگە دوایین وادە دەبێت بۆ تۆمارکردنی ناوی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ