رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پێداچوونەی سزاکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بانگهێشتی سەرۆکی هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ دەکات و رووداو سپۆرتسیش وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات.
لیژنەی پێداچوونەی سزاکان، هەریەکە لە دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک و عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە کاژێر 11:00 لە بارەگای فیدراسیۆنەکە ئامادەبن.
لیژنەکە ئاماژەی بە وردەکارییەکانی بانگهێشتکردنەکە نەکردووە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەردوو یانە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی هەڵگرتنی سزای سەر هەردوو یانە کە لە دوای یاریی جامی عێراق بەسەر هەردوو یانەدا سەپێنراوە.
بانگهێشتکردنی هەردوولا لەکاتێکدایە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە نووسراوێک داوای لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق کردووە سزای سەر هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ هەڵبگیرێت، لە بەرامبەر ئەوەشدا گەرەنتی ئەوە دەدات کە رێگە بە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە لە یاریگەکانی دهۆک و زاخۆ دەدات.
دوای یاریی کۆتایی جامی عێراق کە لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە بەغدا بەڕێوەچوو، شەر و ئاژاوە لەنێوان یاریزانانی هەردوو یانە روویدا و بەو هۆیەوە هەردوولا بە تووندی سزادران و بڕیاردرا لە وەرزی نوێدا لە قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەردوو یانە بەبێ هاندەر یاری بکەن، جگە لەوەش 25 ملیۆن دینار وەکو سزای دارایی بەسەر هەردوو یانەدا سەپێنرا و لە هەردوو یانە چەند یاریزانێک و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی یانەکان سزای قورسیان بەسەردا سەپێنرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ