قۆناخی 8ـی جامی عێراق.. زاخۆ و نەورۆز لووتکەی کوردستان دەکەن

08-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن زاخۆ نەورۆز جامی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی لووتکەی قۆناخی هەشتی جامی عێراق لە زاخۆ دەبێت، کاتێک هەردوو یانەی زاخۆ و نەورۆز لە یارییەکی کوردستانی و بەهێزدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 22:30 بەڕێوەدەچێت، هەردوو تیپ رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و ئامادەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی یارییەکە و بەدەستهێنانی بلیتێکی قۆناخی پێشکۆتایی جامی عێراق.
 
یانەی نەورۆز راگەیێنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "هاندەرانمان لە یارییەکەدا ئامادەنابن"، لە بەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە 30 هەزار هاندەری زاخۆ لە یاریگەدا پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن.
 
زاخۆ دوای بەدەستهێنانی پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق چاوی لەوەیە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی ئەم پاڵەوانێتییە بکات، بۆ ئەوەش پێویستە یارییەکەی ئەمشەو بباتەوە و بگاتە قۆناخی داهاتوو، لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەش یانەکە لە قۆناخی پێشکۆتاییشدا لە یاریگەی خۆیدا یاری دەکات.
 
یانەی نەورۆز لە دوایین کاتەکانیدا لەگەڵ قەحتان جسیر و دەیەوێت بەر لەوەی راهێنەرەکەی بڕوات ئەنجامێکی شایستە بەدەستبهێنێت.
 
هەردوو یانە لەم وەرزەدا دوو یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامدا، لە زاخۆ بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، لە سلێمانی شەڕ و ئاژاوە لەنێوان هەردوو تیپدا روویدا دواتر یارییەکە لە هەولێر تەواوکرا و بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە