رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یارییەکانی چوونی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکەن و گرنگترین یاریی میوانداریکردنی ریال مەدریدە لەلایەن بێنفیکای پۆرتوگالییەوە.
راهێنەرانی هەردوو یانە، کە مامۆستا و قوتابی یەکدین لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەیان بۆ میدیاکان کردووە و هەردووکیان ئەوپەڕی رێزیان بۆ یەکدی و تیپەکانیان نیشاندا.
پوختەی قسەکانی ئەو دوو راهێنەرە:
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیکا:
ئەو ریال مەدریدەی کە لەم یارییەدا چاوەڕێی دەکەم، ئەو ریال مەدریدەیە کە بەربژێری ژمارە یەکە بۆ بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکان. چاوەڕێی رکابەرێکی هاوشێوە دەکەم لەوەی پێشتر لە لیسبۆن بینیم، لەگەڵ راهێنەرێک کە توانای تێگەیشتنی لە هەندێک شت هەبووە و گۆڕانکاری لە پێکهاتەی تیپەکەیدا کردووە؛ راهێنەرێک کە توانی دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر بێنفیکا، سێ سەرکەوتنی لەسەریەک لە خولی ئیسپانیا بەدەستبهێنێت.
پێموانییە ئێمە لە بێنفیکا پێویستمان بە پەرجۆ بێت بۆ دەرکردنی ریال مەدرید. پێموایە تەنیا پێویستم بە بێنفیکایەکە کە لە بەرزترین ئاستدا یاری بکات. ناڵێم ئاستێکی بەرز، دەڵێم 'لووتکەی ئاست'. نزیک لە بێ کەموکوڕی، بەڵام نەک پەرجۆ. بێگومان ریال مەدرید هەر بە ریال مەدرید دەمێنێتەوە و یاریزانەکانیشی هەر بەو شێوەیە دەمێننەوە. ویست و داخوازیی ریال مەدرید لەگەڵ بێنفیکا بەراورد ناکرێت. ئێمە لێرە نین بۆ بەراوردکاری. ریال مەدرید یانەیەکی گەورەو مەزنە، بێنفیکاش هەر یانەیەکی گەورەیە.
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید:
ئێمە دەزانین یارییەکەی ئەمجارەمان چەند سەختە، هەروەها رکابەرەکەشمان دەناسین. ئەو کەشوهەوایەی کە هەمیشە لێرە دەبینرێت دەزانین چۆنە. ئاگاداری ئەو گوشار و داواکارییانەین کە لەسەر ئەم یارییە هەیە. دەزانین کە دەبێت چەندە بەباشی یاری بکەین ئەگەر بمانەوێت لێرە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین. ئامانجمان بردنەوەی یارییەکەیە. زۆر سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە هەوڵ بدەین باشترین وەشانی خۆمان نیشان بدەین.
تەنیا دەتوانم ئەوەت بڵێم کە هەمیشە هیوای باشترین بۆ جۆزێ مۆرینیۆ دەخوازم، بەڵام ئامانجی من بێگومان دەرکردنی بێنفیکایە، و دوای ئەوەش بەردەوام بین لە بردنەوەی هەموو نازناوەکان. هیوای باشترین بۆ خۆی و خێزانەکەی دەخوازم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ