ترەمپ هەڕەشە لە بەڕێوەچوونی مۆندیال 2026 دەکات

15-10-2025
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن دۆناڵد ترەمپ مۆندیالی 2026
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مشتومڕێکی گەورەی سیاسی و وەرزشی وروژاند، دوای ئەوەی هەڕەشەی لابردنی بۆستنی وەک یەکێک لە شارە میواندارەکانی مۆندیالی 2026 کرد و گومانی دروستکرد، لە ئامادەیی لۆس ئەنجلۆس بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیال و ئۆڵۆمپیادی 2028.
 
ترەمپ لە واشنتۆن قسەی کردوو گوتی "بەشێک لە بۆستن داگیرکراوە". سەرکردە دیموکراتەکانی وڵاتەکەی بە هۆکار دانا و ئاماژەی بەوە کرد کە دەتوانێ داوا لە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) بکات، یارییەکان بگوازێتەوە شوێنێکی دیکە. هەروەها گوتی "دەتوانین لێیان بستێنینەوە"، ناوی ئینفانتینۆی هێنا و گوتی "ئەو زۆر بە ئاسانی ئەوە دەکات ئەگەر من پێی بڵێم".
 
بڕیارە مۆندیالی 2026، لە 11ی مانگی 6 تاوەکو 19ی مانگی حەوتی ساڵی 2026 بەڕێوەبچێت، لە 16 شاری جیاواز لە سەرانسەری ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک.
 
بۆستن و لۆس ئەنجلۆس لەو شارە ئەمریکییانەن، کە هەڵبژێردراون بۆ میوانداریکردنی گەورەترین بۆنە وەرزشییەکانی جیهان لە ساڵانی داهاتوودا .
بۆستن بڕیارە میوانداری بەشێک لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 بکات، لەکاتێکدا لۆس ئەنجلۆس میوانداری یارییەکانی مۆندیال و ئۆڵۆمپیادی 2028 دەکات. هەردوو شارەکە ماوەی چەندین مانگە خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەو دوو بۆنە وەرزشییە.
 
ناڕەزایی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال لەو دووشارە بۆ ئەو کێشانە دەگەڕینەوە کە لە ماوەی رابردوودا لەو دوو شارە روویاندا.
 
بۆستن و لۆس ئەنجلۆس چەندین خۆپێشاندانی جیاوازیان دژ بەکێشەکانی پەیوەست بە مافەکانی رەگەزگۆڕین و کێشەی کۆچبەران بەخۆوەبینیوە و خۆپێشاندەرانی ئەو دوو شارە، لە دژی ئەو بڕیارانەی ئیدارەی سەرۆک ترەمپن کە پەیوەستە بەو دوو دۆسێیەوە.
 
ئەگەرچی بەرپرسانی هەردوو شارەکە، لە هەنگاونان بەرەو تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ لەخۆگرتنی یارییەکانی مۆندیال بەردەوامن، بەڵام ئەو پلانانە، ئەم هەفتەیە رووبەڕووی نادڵنیاییەکی کتوپڕ بوونەوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، هەڕەشەی لابردنی بۆستنی کرد لە لیستی شارە میواندارەکانی مۆندیالی 2026 و گومانی لەسەر ئامادەیی لۆس ئەنجلۆسیش دروستکرد بۆ مۆندیال و ئۆڵۆمپیاد.
 
هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، بەخێرایی لەلایەن بەرپرسانی هەردوو شارەوە وەڵامدرانەوە، میشێل هو، سەرۆکی شارەوانیی بۆستن، گوتی "شارەکە شانازی بەخۆیەوە دەکات و دڵخۆشە بە میوانداریکردنی مۆندیال"، ئەو هەروەها دڵنیاییدا کە ئامادەکارییەکان بە تەواوی لەسەر رێچکەی خۆیانن.
 
بڕیارە یاریگای 'جیلێت' لە بۆستن، میوانداریی ژمارەیەک لە یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو بکات، لەوانەش یارییەک لە قۆناخی کردنە دەرەوەی دۆڕاو. بەرپرسانی شارەکە دەڵێن لابردنی یارییەکان ئێستا کێشەی گەورەی دارایی دروست دەکات.
 
سەرکردەکانی لۆس ئەنجلۆسیش بەرگرییان لە پلانەکانی ئۆڵۆمپیادی خۆیان کرد، دووپاتیان کردەوە کە هەموو پڕۆژەکان لە کاتی خۆیاندا جێبەجێ دەکرێن. لیژنەی رێکخستنی لۆس ئەنجلۆس بۆ یارییەکانی  مۆندیال و ئۆڵۆمپیاد دەڵێ شارەکە "بە تەواوی توانای ئەنجامدانی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد و دابینکردنی سەلامەتیی بەپێی ستانداردی جیهانی هەیە".
 
ئەو، گومانەکانی ترەمپی لەبارەی خراپیی دۆخی ئاسایش لە شارەکەدا رەتکردەوە.
 
لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ترەمپدا، ئەگەرچی سەرۆکی فیفا هیچ لێدوانێکی نەداوە، بەڵام ڤیکتۆر مۆنتاگلیانی، جێگری سەرۆکی فیفا، دەڵێ "بڕیاری کۆتایی لەسەر شوێنەکان تەنیا لای فیفایە، نەک سەرکردە سیاسییەکان، ئەمە پاڵەوانێتی فیفایە، بڕیار لە دەسەڵاتی فیفادایە". فیفا دووپاتی کردەوە کە بۆستن و لۆس ئەنجلۆس بەشێکن لە خشتەی جامی جیهانی و تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە شوێنی یارییەکاندا نەکراوە.
 
چاودێران دەڵێن لێدوانەکانی ترەمپ گرژییەکانی نێوان سیاسەت و وەرزشی جیهان پێشان دەدەن. لەکاتێکدا لێدوانەکانی ئەو لەسەر سەلامەتی و حوکمڕانی بوون، زۆرینەی رەخنەگران وەک پاڵنەرێکی سیاسی دەبینن، کە دیموکراتەکان دەکاتە ئامانج پێش ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە.
 
سەرۆکی شارەوانیی هەردوو شارەکە، لە پارتی دیموکراتی ئەمریکان و دژ بە سیاسەتەکانی ترەمپن لە دۆسێیەکانی وەک رەگەزگۆڕین و پەنابەریدا.
 
لەگەڵ ئەوەی تەنیا چەند مانگێک ماوە بۆ دەستپێکی یارییەکان، فیفا جەخت دەکاتەوە کە ئامادەکارییەکان لە سەرانسەری هەر 16 شاری میوانداردا بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن و چاوەڕوان دەکرێت، بۆستن و لۆس ئەنجلۆس وەک دوو گەورەترین ناوەندی دوو بۆنە گەورەکە (مۆندیال و ئۆڵۆمپیاد) لە لیستەکەدا بمێننەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە